دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە هەرسێ ڕۆژی جەژن و پشووەکانی دوای جەژن 243 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و داهاتی ئەم گەشتیارانە 73 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تەموزی 2017، #نەورۆز مەولود#، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری گەشتیارانی ڕاگەیاند و وتی ژمارەی گەشتیاران لەبەرزبوونەوەدایە و بەراود بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردوە بەشێوەیەک جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو 122 هەزار گەشتیار هاتبونە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ئەمساڵ لە 10 ڕۆژی جەژندا لە 22ی حوزەیران تاوەکو 1ی تەموز 243 هەزار گەشتیار بوە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە دەکاتە دوو بەرامبەری جەژنی ڕابردوو.
سەبارەت بەهۆکاری زیادبونی گەشتیارانیش وتی هۆکارەکەشی بۆ سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گەشتیاران و پڕۆژەی تازەێ گەشتیاری گێڕایەوە و هەروەها نۆژەنکردنەوەی چەندین شوێنی گەشتیاریش هۆکارێک بووە بۆ زیادبونی ژمارەی گەشتیاران.
وەزیری شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بەبەردەوامی ڕێژەی خەرجی هەر گەشتیارێک لەماوەی ئەو 10 ڕۆژەدا 300 دۆلار ئەژمار کراوە کە دەکاتە 73 ملیۆن دۆلار کە هاتۆتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی تایبەت لەرێستۆرانت و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمەش وامان لێدەکات بەردەوام بین لەسەر کارەکانمان بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و پلانیشمان هەیە کە چوار وەرزە گەشتیاران بێنین کە ئەمساڵ ئەم پلانە جێبەجێ کرا و دەبێ وابکەین ژمارەی گەشتیاران زیاتر بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 70٪ی ڕێژەی گەشتیاران لە شارەکانی خواروی عێراق و لە30٪ی گەشتیارانی تریش بیانی بوون و هاتوونەتە هەرێم.
لەبارەی زەوییەکانی تارین کە دابین کرابون بۆ پڕۆژەی گەشتیاری، نەورۆز مەولود، وتیشی سەرەتای هەفتەی داهاتوو گرێبەستەکانیان ئامادەیە، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی گەشتوگوزاری هەولێر بکەن بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکانیان.
05-07-2017