رووداو- هەولێر
جووتیارانی کوردستان ڕووبەرێکی فراوان لە خانووە پلاستیکییەکانیان کردووەتە خەیار، بەو هۆیەشەوە نرخی خەیار دادەبەزێ و جووتیاران زەرەرێکی زۆر دەکەن. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەیەوێ لەڕێی هەناردەکردنی خەیار بۆ ئیمارات، ئەو زەرەرەی جووتیاران کەم بکاتەوە.
خەیار بەروبوومێکی هاوینەیە و دەتوانرێت بەشێوەی کراوە و داخراو بچێنرێ، بەڵام بەرهەمی داخراو 8 تاوەکو 10 بەرامبەری بەرهەمی کراوەیە، بۆیە ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان لەژێر خانووە پلاستیکییەکاندا دەچێنرێت، ئەمەش وای کردووە لەکاتی پێگەیشتندا، خستنەڕووی بەرهەم زیاد بێت و نرخەکەی دابەزێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، نزیکەی 13 هەزار خانووی پلاستیکی هەن، ئەمساڵ 85%یان خەیاریان تێدا چێنراوە.
مەلا کامیل داود، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیکی لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت لەخانووی پلاستیکیدا دەتوانرێت تەماتە، خەیار، برۆکلی، جەرجیر، کەرەوز، تەڕەتیزە، سپێناخ، سڵق، شلک، باینجان، کولەکە و چەندین بەرهەمی دیکە بچێنرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەیار زوو پێدەگات و بەرهەمێکی باش دەدات، زۆربەی جووتیاران خەیار دەچێنن.
مەلا کامیل دەڵێت بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کردوویانە، ئەمساڵ نزیکەی 11 هەزار خانووی پلاستیکی خەیاریان تێدا چێنراوە، بۆیە خستنەڕووی خەیار لە گومرگەکان زۆر بووە و بەوهۆیەوە نرخی تۆنێک خەیار بە ڕێژەی 75% دابەزیوە.
بەگوتەی مەلا کامیل، نرخی تۆنێک خەیار نزیکەی 300 تاوەکو 350 هەزار دینار لەسەر جووتیار دەکەوێت، بەڵام ئێستا نرخی تۆنێکی لە گومرگەکان لەنێوان 50 بۆ 125هەزار دیناردایە، بۆیە دەڵێت لەهەر تۆنێک خەیار، جووتیار نزیکەی 200 هەزار دینار زەرەر دەکات.
خەیار لەژێر خانووی پلاستیکیدا بە ماوەی 45 ڕۆژ پێدەگات، بەگوێرەی خزمەت و شارەزایی، لە هەر خانووێکدا جووتیار دەتوانێ 8 تاوەکوو 12 تۆن خەیار بەرهەم بهێنێ، بۆیە ئەگەر پارە بکات، خەیار زۆرترین قازانجی بۆ جووتیار دەبێ.
سیامەند جەلیل، خاوەنی نووسینگەی کوردستان بۆ کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە لە گومرگی هەولێر، دەڵێت: نرخی خەیار بەگوێرەی کواڵیتییەکەی دەکرێت بەچوار بەش، نرخی تۆنێک خەیاری نمرە یەک و ناسکی ژێر خانووی پلاستیکی 125هەزار دینارە، نمرە دوو نرخی 75 هەزار دینارە. نمرە سێ 50 هەزار دینارە، بەڵام نرخی تۆنێکی خەیاری دەرەوەی خانووی پلاستیکی کە زیاتر خاوەن کارگەکانی تورشیات دەیکڕن، 300 هەزار دینارە.
بە گوتەی سیامەند، ساڵانی ڕابردووش نرخی خەیار دابەزیوە، بەڵام قەت وەکوو ئەمساڵ درێژەی نەکێشاوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەمساڵ خەیارێکی زۆر لە نێو خانووە پلاستیکییەکان چێنراوە، جگە لەوەش ئەمساڵ وەرزی پێگەیشتنی خەیار کەوتە نێو مانگی ڕەمەزان، لە ڕەمەزانیشدا بەهۆی داخستنی زۆربەی چێشتخانەکان و کەمبوونەوەی ژەمێکی ڕۆژانە وەک پێویست خواست لەسەر خەیار نییە.
سیامەند جەلیل گوتی بەشێک لە جووتیاران بەهۆی هەرزانیی نرخ، خەیارەکانیان ناهێنن بۆ گومرگ و هەر لەشوێنی خۆیان بە نرخێکی زۆر هەرزان بە ئاژەڵدارانی دەفرۆشن، چونکە هەندێکجار کرێی گواستنەوەیان بۆ ناکات.
شێرزاد عوسمان، جووتیارێکی پێشکەوتووی پارێزگای هەولێرە، ئەمساڵ 50 خانووی پلاستیکی بەخەیار چاندووە و ڕۆژانە نزیکەی 5 تۆن بەرهەمی هەیە، دەڵێت خەیار هێندە هەرزان بووە، نرخەکەی بەشی کرێی گواستنەوە و ڕنین ناکات، بەڵام بۆ ئەوەی نەمامی خەیارەکانمان نەمرێت ناچارین سێ ڕۆژ جارێک خەیارەکە بڕنین.
شێرزاد عوسمان، نموونە بە خەرجیی کێڵگەکەی خۆی دێنێتەوەو دەڵێت بێجگە لەو خەرجییەی پێشتر لەتۆو و چاندن و بەرهەمهێنانی خەیارەکەمان کردووە، ئێستا خەرجی ڕۆژانەم بۆ پەیین و ڕنین و گواستنەوە و خزمەت 600 هەزار دینارە، بۆیە ئەگەر ڕۆژانە شەش تۆن بەرهەمیشم هەبێ بەو نرخەی ئێستا، هێشتا خەرجی ڕۆژانەم دەستناکەوێتەوە.
لەکۆی ئەو 13 هەزار خانووە پلاستیکییەی لەکوردستان هەن، 8000یان لە سنووری پارێزگای سلێمانین، بەشی زۆریشیان بە خەیار چێنراون، بۆیە دابەزینی نرخ زۆرترین زیانی بەجووتیارانی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.
مەلا کامیل داود دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە، جووتیارێکی زۆر لە پارێزگای سلێمانی گەڕاونەتەوە بۆ کشتوکاڵ، ژمارەیەک لەو خەڵکە خانووەکانیان بەکرێ گرتووە، بۆ خێرا دەستکەوتنەوەی خەرجییەکانیش زیاتر خانووەکانیان بەخەیار چاندووە، بۆیە ئەگەر ئەم دابەزینەی نرخ بەردەوام بێت، جووتیاران زەرەرێکی زۆر دەکەن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی خەیار لەهەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ لەکەمبوونەوەدایە، بەجۆرێک لە 64 هەزار تۆنەوە بۆ 56 هەزار تۆن دابەزیووە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێن لەبەرئەوەی بەشێک لەجووتیاران لەکێڵگەکانیانەوە خەیار دەفرۆشنە بازرگانانی شارەکانی عێراق و بەرهەمەکە ناهێندرێتە گومرگەکان تا ئامار بکرێت، بۆیە بەرهەمی خەیار لەو بڕە زیاترە کە لەئامارەکان تۆمارکراون.
بۆ پارێزگاری و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی، وەزارەتی کشتوکاڵ وەک هەنگاوی یەکەم بڕی 250 دینار ڕەسمی گومرگی خستووەتە سەر بەرهەمی هاوردە. نووسراویشی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە ڕێگە لە بەقاچاخ هاوردەکردنی خەیاری ئێرانی بەتایبەت لە خاڵی سنووری مونزرییە بگرن.
خەیاری کورستان بۆ دوبەی
حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە (رووداو)ی گوت بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی خەیار و بەرهەمەکانی دیکەش کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن لە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕداین. بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوێکمان ئاراستەی قونسولخانەی ئیمارات کردووە تاوەکو خەیاری کوردستان، هەناردەی دوبەی بکەین، پێشنیازیشمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ڕێگەمان بدات لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەم هاوردەی خەیاری سوێر بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغەبکەین، تاوەکو ئەم پیشەسازییە لەهەرێمی کوردستان گەشە بکات و پێویستمان بە هاوردە نەبێت.
06-07-2017