کوردستان میدیا: دوایین ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم باس لە قەیراناوی بوونی دۆخی ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
ماڵپەڕی دۆیچە وێلە لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئابووریی شپرزەی ئێران کۆمەلێک ئاماری نوێی بڵاو کردۆتەوە کە دەرخەری دۆخی قەیران لە بیاڤی ئابووریی ئەم ولاتەن؛ بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەنووکە لانیکەم 13%ی حەشیمەتی لاوی ئێران بێکارن، لانیکەم 16 میلیۆن پەراوێزنشین لە ئێراندا دەژین کە بەشێکن لە حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری ئێران، 40%ی حەشیمەتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری ڕێژەیین و 33%یش لەژێر هێڵی هەژاری ڕەهادان کە 60 تا 70%ی گوندنشینانی ئێران دەکەونە خانەی ئەم خێڵەوە.
هەژارییە هەوسارپساوەکەی کۆمەڵگای ئێرانیش بەپێی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراو بووەتە هۆی پەرەسەندنی لەڕادەبەدەری خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خۆکوژی، تەڵاق، ئێعتیاد و چەندین جۆر تاوانی کۆمەڵایەتی، زۆربوونی ئاستی نەخوێندەواری و کەم خوێندەواری و هەروەها پەرەسەندنی پەراوێزنشینی.
دۆیچەوێلە لەزاری کۆمەڵێک کارناسی کاروباری کۆمەڵگای ئێرانیشەوە بڵاوی کردۆتەوە کە پەرەسەندنی ئەم خەسارانە بەتایبەت لەنێو حەشیمەتی لاوی ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕاندووە و بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاوڕ لە لەمپەڕەکانی بەردەم ئابووریش دراوەتەوە و هاتووە یەکەمین لەمپەڕی بەردەم ئابووریی ئێران بریتییە لە دەوڵەتی بوونی ئابووری؛ واتە بەوهۆیەوە کە ئابووری و دامەزراوە ماڵییەکانی ئێران لەژێر ڕکێڤی بازنەکانی دەسەڵاتە و ئابووریی دەوڵەتیش هەم گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت و هەمیش بێبەرییە لە قازانج بۆخۆی دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم ڕەوتی بەرەوپێش چوونی ئابووریی.
یەکێکی دیکە لە کێشەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێکراوە بریتییە لە کێشە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی؛ کیشەی سیاسەتی دەرەکی ڕێژیم کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەمووکات گرفتی گەورەی بۆ ئابووریی وڵات ساز کردووە.
بەپێی لیدوانی کارناسان ئێران بۆ ئەوەیکە ببێتە خاوەن ئابوورییەکی گەشەکردووی بڕواپێکراو دەبێ پێوەندییە دەرەکییەکانی ئاسایی و بەربڵاو بن لە ئاستی جیهانیدا؛ بۆ وێنە دەبێ ئێران واز لە دژایەتی کردنی ئیسڕائیل و ئامریکا بهێنێت تاکوو بەمشێوەیە ڕێگە بۆ هاتنی سەرمایە و زانست و بەڕێوەبەری نوێ و مۆدێڕن خۆش بکرێت.
بەپێی لێدوانی کارناسان کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیکە بتوانێ 1 میلیۆن پیشەی نوێ لە ئێراندا چێ بکات، هەروەک حەسەن ڕوحانی بەڵینی داوە، پێویستی بە لانیکەم 8% گەشەی ئابووریی هەیە؛ بۆ گەیشتن بە گەشەی 8%یش پیویستی بە بازاڕێک هەیە کە زیاتر لە 100 میلیارد دۆلار هەناردەی سەنعەتی ساڵانەی هەبێ. هەنووکە ئێران لە بیاڤی بازرگانی جیهانیدا پشکی 003/0% ی هەیە کە ئەمەش ناتوانێ ئابووریی ئێران زیندوو بکاتەوە.
مەسەلەی سێهەم لەم باسەدا ڕیسکی سەرمایەدانانە؛ سیستمی سیاسی داخراو و ناڕوون و نایاسایی ئێران یەکێک لە لەمپەڕە سەرەکییەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ دەرەوەی خۆیەتی؛ لە ڕوانگەی سەرمایەدانەری بیانی، سیستمێک بەم تایبەتمەندییانەوە کە تێیدا یەک کەس لەسەرووی یاساکان بریار بدات و وەڵامدەر نەبێ بەرامبەر بە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ شوێنێکی لەبار بێت بۆ سەرمایەدانان؛ بەپێی دوایین لێدوانەکانی حەسەن ڕوعانی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئێران تەنیا توانیویەتی کەمتر لە 5 میلیارد دۆلار سەرمایەی بیانی بۆ ئێران ڕابکێشێت لە حاڵێکدا پیویستی بە 100 میلیارد دۆلار هەیە!
06-07-2017