بەڕێوەبەری نووسینگەی #هەولێر#ی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕایدەگەیەنێت، لە 48%ی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکردووە.
عەلی قادر، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پڕۆسەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی 55 بنکە کە لە سنووری هەولێر دانراون بەردەوامە و تائێستا 48%ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام پێویستە هاووڵاتیان زیاتر سەردانی بنکەکان بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.
بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێر، ئاماژەشی بەوەکرد، تۆمارکردنی هاووڵاتیان جارێ نازانرێ کەی کۆتایی پێدێت، بەڵام داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بە زووترین کات سەردانی ناوەندەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە مافی خۆ تۆمارکردن و دەنگدان بێبەش نەبن.
ئاشکراشیکرد، ئەو هاووڵاتییانەی لە ساڵی 2014 کارتی ئەلیکترۆنییان بۆ دروستکراوە و نەهاتن وەریبگرن و دەنگیشیان نەداوە، کارتەکانیان گەڕێنرابووەوە بەغدا، بەڵام ئێستا کارتەکانیان هێنراوەتەوە و دەتوانن لەو ناوەندەی کە سەردانی دەکەن وەریبگرنەوە، بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگیان نەسووتێ.
وتیشی ئەو هاووڵاتیانەی کە لەدایکبووی ساڵی 2000 بەرەو خوارەوەن و تۆماری ئەلیکترۆنی بایۆمەترییان بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆیە داوا دەکەین ئەوانەی لە دایکبووی ساڵی 2000ن سەردانی بنکەکان بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.
07-07-2017