بەهۆی لەکارکەوتنی هەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی #هەولێر# و کەمی کارەبا کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ 16 گەڕەکی شاری هەولێر دروستبووە، حکومەتیش بەڵێنی دابینکردنی 70 مۆلیدەی کارەبا بۆ 900 بیری ئاوی هەولێر و دەوروبەری دەدات.
ماوەی پێنج ڕۆژە کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ 16 گەڕەکی شاری هەولێر دروستبووە، بەجۆرێک بەشێک له و گەڕەکانە له و پێنج ڕۆژەدا تەنها دووجار ئاویان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاوێان پێدراوە، بۆیە خەڵک دەستیکردووە بە ئاو کڕین.
عەلی نوری، دانیشتوی گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت لەماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو کێشەی ئاوی خواردنەوەمان بۆ دروستبووه و دوو ڕۆژ جارێک تانکییەکی ئاو دەکڕین بە 20 هەزار دینار.
ئه و هاوڵاتیە وتیشی سەردانی فەرمانگەی ئاوی هەولێر و لایەنی پەیوندارمان کردوە و دەڵێت چارەسەر دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە.
هەولێر و دەوروبەری سێ پڕۆژەی گەورەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بەناوی ئیفرازی یەک، دوو، سێ کە ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێکی زۆری سەنتەری شاری هەولێر دابین دەکەن، هەروەها 900 بیری ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و دەورەبەری هەیە.
بەهۆی بارانبارێنێکی بە خوڕ لەوڵاتی تورکیا ئاوی زێی گەورە لێڵ بوو، کە هەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەولێری بەسەرەوەیە، ئەمەش وایکرد هەرسێ پڕۆژەکە لەکار بکەون.
ماوەی زیاتر لەمانگێکە بەهۆی پچڕانی کێبڵێک کە کارەبا دەگەیەنێتە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی دوو، چەند گەڕەکێکی هەولێر بێئاو بوون، لەوانەش گەڕەکەکانی کوێستان، ئاری، مەلایان، نووسەران، حاکماوە و چەند گەڕەکێکی تر و تائێستا بەشێکیان چارەسەر نەکراوە.
لەوبارەیەوە مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز هەیە و بەهۆی لێڵبوونی ئاو لەکارکەوتوون، چونکە توانای پاککردنەوەی ئه و ئاوە لێڵەیان نەبوو، بەڵام دواتر کەوتنەوەکار.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی کەمی کارەبا 16 گەڕەکی شاری هەولێر کێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروستبووە، نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند کەمی ئاوی خواردنەوە بەهۆی کەمی کارەباوە دروستبووه و دوێنێش لەسەر ئەم پرسە وەزارەتە پەیوەندارەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووبوینەتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم دوێنێ چوار شەممە5 تەمووزی 2017، لە ڕونکردنەوەیەک وڵامی وەزیری شارەوانیان دایەوە، کە کەمی ئاو بەهۆی کەمی کارەباوە بێت و کەمبوونەوەکەیان خستەئەستۆی وەزارەتی شارەوانی، بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی وەزارەتی شارەوانیەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری ئاو ئاوەڕۆکانی هەرێم ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوه و تێیدا هاتووە بەهۆی کێشەی کەمی کارەبا کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ %40 دانیشتوانی شاری هەولێر دروستبووە.
دوێنێ 5 تەمووز وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوە لەسەر کەمی کێشەی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەورەبەری.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان کە بەشداری کۆبوونەوەی کرد، ڕوونیکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەبای زیاتر بدرێتە بیر و پڕۆژەکانی ئاو.
وتیشی ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێنیدا کە 60 بۆ 70 مۆلیدەی کارەبا دابین بکەن بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوەی هەولێر و دەروبەری.
له و 900 بیرەی لە هەولێر و دەروبەر ئاوی خواردنەوە دابین دەکەن بەشێکیان وشکیان کردووە، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکان بڕیاردرا کە دەست بکرێتەوە بە خستنەوەگەڕیان، لە ڕێگەی هەڵکەندنەوە بێت یا هەر جۆرە چارەسێکی تر.
سەبارەت بە چارەسەری کێشەی ئاوی خواردنەوە له و 16 گەڕەکەی شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاو ئاوەڕۆکانی هەولێر وتی ڕۆژ بەرۆژ کێشەکە چارەسەر دەکرێت و ئەمڕۆ باشترە لە دوێنێ و هەوڵدەدەین بە زوترین کات کێشەکە چارەسەر بکەین.
06-07-2017