21ی شوباتی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت هێرش و هەڵمەتی ناوزڕاندن بەها باڵاکانی پەیامی ڕاستی دەشێوێنێت و ئاو دەکاتە نێو ئاشی توندڕەوی.
ماوەیەکە هەڵمەتێکی ناشرینکردن و بوختان بۆ ڕۆژنامەنووسی دیار #ڕەنج سەنگاوی# دەستیپێکردووە، هەندێکی دیار و زۆربەیشی هەڵمەتی خەڵک و پەیجی دەمامکدارن.
رەنج سەنگاوی دەڵێت: بۆ شەش مانگ دەچێ هەموو وزە و تینی بەرنامەکەمان خستووەتە خزمەت کرێنشینان و پێشمەرگە و مامۆستا و فەرمانبەرانەوە بۆ ئەوەی زەوییان پێبدرێت، کەسانێ کەوتوونەتە پڕوپاگەندە و قسەی ناشرین.
رەنج سەنگاوی ئاماژەشی بەوەدا کە لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی کەمپەینێکی گەورەی بۆ کەسوکاری شەهیدان، بەهەمان شێوە هێرشی توند کرایە سەر خۆی و کەمپینەکە.
پێشتریش لە پەیجە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی بوختان و ناوزڕاندن لە دژی چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕاگەیەندرا.
لە قۆناغی جیاجیادا سەنتەری میترۆ ئەو هەڵمەتی سوکایەتی و ناوزڕاندنەی بەرامبەر بە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان شەرمەزارکرد و هاوپشتی خۆی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە ڕاگەیاند.
پێمانوایە هەموو کەسێک مافی خۆیەتی کاری هەر ڕۆژنامەنووسێک، یا کەناڵێکی میدیایی پێ باش یان باش نەبێت، مافی خۆیەتی ڕەخنە و توانجی لەسەر ئەو کارانەدا هەبێت، ئێمە ئەمە بە گرفت نازانین.
ئێمە گرفتمان لەگەڵ ئەو شێوازە لە گوتار و پۆست و هەواڵانە هەیە کە بەهەموو پێوانەیەک لە خەسڵەتە سەرەتاییەکانی کەشی ڕاگەیاندنی فاشییانەیە دەچن.
قسەکردن لەسەر شەحنکردنی توندوتیژی و هەڵبەستنی درۆی شاخدار بەرامبەر بە میدیاکاران، بکەرانی پێ بزانن یان نەزانن، ئاو دەکاتە نێو ئاشی توندڕەوی.
هەڵمەتی دەمارگیری و توندڕەوی تۆقێنەر بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی، بەر لەوەی زیان بە کەسایەتی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بگەیەنێت، خەرمانی توندڕەویی هێرشبەران دەسووتێنێت،
درۆ و بوختانکردن و ناشرینکردنی جوانییەکانی خەڵک و بەبازاڕکردنی چەواشەکاری بەرلەوەی بەها باڵاکانی پەیامی ڕاستی بشێوێنێت، ئاگر بەردەداتە پوش و پەڵاشی ناوبانگی ئەو کەس و لایەنانەی ئاو دەکەنە ئەو ئاشەوە.
بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) ڕووداوی جۆراوجۆر کە تیایدا (145) ڕۆژنامەنوس و کەنالًی ڕاگەیاندن سکاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمارکردووە و لەو ڕووداوانەدا (173) پیًشیًلکاری لەو ڕوداوانەدا تۆمارکراون
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی ڕەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان
21-02-2016