15ی شوباتی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان دەست درێژی بۆ سەر تیمی کەناڵی KNN ئیدانە دەکات و ڕایدەگەینێت ئاسایکردنەوەی بارودۆخی سیاسی لە کردنەوەی ئۆفیسی ئەو کەناڵە لە شارەکانی هەولێرو دهۆک دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ دوو شەممە لە کاتی ڕوماڵکردنی گردبونەوەی مامۆستایانی قوتابخانەیەکی شاری هەولێر، هێرش کرایە سەر پەیامنێرو وێنەگری کەناڵی KNN لەو شارەو دەست گیرا بەسەر کەرەسەی ڕۆژنامەنوسی و ئامێری پەخشی ڕاستەخۆ.
بڕیار نامیق بەرپرسی بەشی پەیامنێرانی ئەو کەناڵە بە سەنتەری میترۆی ووت هێزێکی چەکدار هێرشیان کردۆتە سەر هەژار ئەنوەر پەیامنێرەکەمان و وێنەگرەکەی.. دەست گیرا بەسەر کەرەسەی ڕۆژنامەنوسی و ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆمان. جەختیکردەوە چونکە لە پەخشی ڕاستەوخۆدا هێرشکراوەتە سەر تیمەکەمان.. وێنەکان دەریدەخەن کە ئاستی توندوتیژی ئەو چەکدارانە چەند بووە
لەگەڵا پەرەسەندنی نارەزایەتییەکانی موچەخۆران و هاوڵاتیان لەلایەک بەرامبەر دواکەوتنی موچە و لەلایەکی تریش بەرامبەر قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و سیستەمی سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و پارتە سیاسییەکان و تەنانەت هاوڵاتیانیش دەیان پێشێلکاری بەرامبەر میدیاکان و ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدران.
پاش داخستنی کەناڵی KNN میترۆ پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند داکۆکیکردن لەئازادی و ئازادی ڕادەربڕین کە یەکێک بو لەدروشم و بەرنامەی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بەکردار بکرێت و ئەو بڕیارە نادروست و نایاساییانەی دژی میدیاکان دراوە و ئەو ئۆفیسانەی کە بەزۆر پێیان داخراوە دەستبەجێ بکرێنەوە، ئازادییان بۆ فەراهەمبکرێت و ئەمنیەتیان بپارێزرێت.
میترۆ سەرباری ئیدانەکردنی ئەم هێرشە بۆ سەر میدیاکارانی KNN ڕایدەگەیەنێت دەبوو وەک نیاز پاکییەک بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ وەک دروشمێک بەرزکراوەتەوە ئەو دەستدرێژییە ڕوینەدایە.
دەبوو لە بری توندوتیژی و ڕێگری و یاساشکێنی بریاری کردنەوەی ئۆفیسی کەناڵی KNN بدرایەو کۆتایی بە پێشێلکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی بێت.
بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) ڕووداوی جۆراوجۆر کە تیایدا (145) ڕۆژنامەنوس و کەنالًی ڕاگەیاندن سکاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمارکردووە و لەو ڕووداوانەدا (173) پیًشیًلکاری لەو ڕوداوانەدا تۆمارکراون
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی ڕەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان
15-02-2016