21ی کانونی یەکەمی 2015 هەولێر: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە شارەکانی هەولێرو دهۆک توندوتیژی و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنوسان ئەوەنەی تر یاسای خستە ژێر پرسیارەوە.
لەماوەی 72 کاتژمێری ڕابردودا، پارێزەرانی یاسا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە شەقو قۆناغە تفەنگ و دەستبەسەرکردن وشکاندنی کەرەسەی ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕوی وێنەگرو پەیامنێرانی کەناڵەکانی NRT و کوردسات نیوز و KNN دەبنەوە.
پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاگاداری تیمی کەناڵی KNN دەکەن بۆ ڕوماڵی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانتارانی عەرەب بۆ کەمپی ئاوارەکانی بحرکە، بەڵام لەوێ ڕێگرییان لێدەکرێت و پاشان هێزێکی ئەمنی دەستبەسەریان دەکەن و دەبرێنە ئاسایشی هەولێر.
پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن سالح هەرکی بە میترۆی ڕاگەیاند لەدوای ئاگەدارکردنەوەمان لە لایەن ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی ڕوماڵکردنی ئەو سەردانە ڕوومان کردە ناووچەی بەحرکە وتی لە کەمپی بحرکە ئاسایش پێ ی ڕاگەیندین ئێوە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی کارکردنتان لێوەرگیراوەتەوە بۆتان نیە ڕوماڵی بکەن
سالح وتیشی ئێمە بەناچاری گەراینەوە،دواتر لە ڕێگا ئوتومبێلێکی ئاسایش کەوتە دوامان وئێمەی برد بۆ ئاسایشی هەولێر،دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە ڕاگرتنمان وجوێن وسوکایەتی زۆر لە ئاسایشی هەولێر ئازاد کراین.
باسیلەوەشکرد کامێراو کەلوپەلی کاری ڕۆژنامەوانیمان لەلای ئاسایشی هەولێر لێوەرگیراوە پێیان نەدراوەتەوە جەختیکردەوە بەڵینامەمان پێ پرکرایەوە بەوەی جارێکی تر ڕوماڵی هیچ ڕوداو کارێکی ڕۆژنامەنوسی لە سنوری هەولێرودهۆک نەکەین
دەست بەسەرکراوەکان بریتی بوون لە سالح هەرکی پەیامنێر، جەدەت ئەحمەد وێنەگر، فاروق خدر شوفێر.
هەروەها شەوی 19ی کانونی یەکەم لەکاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانێکی شوفێری بارهەڵگرەکانی تورکیا توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسانی کوردسات و NRT، ئەنجامدرا.
پەیامنێری کەناڵی کوردسات نیوز لە زاخۆ، ڕەعد عومەر بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاند، دەمانویست ڕوماڵی خۆپیشاندانێکی شۆفێری بارهەڵگرەکانی تورکیا بکەین لەسەر ڕێگای زاخۆ-ئیبراهیم خەلیل، بەڵام لەلایەن ئاسایشی خاڵە سنورییەکەوە ڕێگریمان لێکرا و جنێو و سوکایەتیان پێکردین، لێیاندام و مایک و کامێراکەیان لێسەندین وتیشی دواتر کامێراکەیان بەبێ کاسێتەکەی پێداینەوە، لەکاتێکدا کەناڵێکی تر بەئازادی ڕوماڵی دەکرد.
پەیامنێری کەناڵی NRT لە زاخۆ، فاروق عومەر بە میترۆی ڕاگەیاند، سەرەتا لەلایەن ئاسایشێکەوە داوام لێکرا ڕوماڵ نەکەم، کاتێک دەمویست بگەڕێمەوە بۆ لای سەیارەکەم لەلایەن بەرپرسێکی ئاسایشەوە درامە بەر بۆکس و شەق وتیشی پاش ئەوە نزیکەی 10 کەسی تر کەوتنە پەلاماردانم بە قۆناغە تفەنگ و کوتەک و لەسەریاندام و بەهۆیەوە لەهۆش خۆم چوم ئاماژەشیدا پێشتر کامێراکەیان لەبەرچاوی خۆم شکاند و بردیان.
سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت لەکاتێکدا سەرۆکۆنەی توندویژی و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنوسان دەکەین ڕایدەگەینین بەردەوام بونی یاساشکێنی لەلایەن ئەو هێزانەی دەبوو یاسا بپارێزن نەک هەر یاسای ڕۆژنامەنوسی بەڵکو سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی ڕەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان
21-12-2015