بەڕێوەبەرایەتی قەرز و پابەندە داراییەکانی #حکومەتی هەرێم# دەستی بەکارەکانی کردوە و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەڵێت فۆڕمێک نێردراوە بۆ وەزارەت و فەر مانگەکان بۆ زانینی بڕی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم، بەپێی بەدواداچونێکی دواڕۆژ کۆی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017 گەیشتۆتە ملیار دۆلار.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ هەینی 7ی تەموزی 2017، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی پابەندی دارایی جۆراوجۆری کەوتۆتە سەر، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی قەرز و پابەندە داراییەکانی کردۆتەوە و لە ئێستاشدا دەستی بەکارەکانی کردوە.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕونیشیکردەوە، ئەو پابەندە داراییانەی کەوتۆتە سەر حکومەتی هەرێم خۆیان دەبیننەوە لە پاشەکەوتی موچە، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەو قەرزە دەرەکییانەی کراون لەگەڵ پارەی بانکە بازرگانییەکان کە بەکارهێنراوە.
وتیشی بۆ زانینی سەرجەم بڕی ئەو پابەندە داراییانە فۆڕمێک ئاڕاستەی وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە بۆ ئەوەی ئاماری ورد لەبەر دەستی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتی قەرز و پابەندە داراییەکاندا بێت.
ئامانج ڕەحیم باسی لەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکە داتابەیسێک دروست دەکات و هەموو زانیاری پەیوەست بە پابەندە داراییەکان تۆمار دەکات.
بەپێی بەدواداچوونێکی دواڕۆژ کۆی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017 بە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانەوە گەیشتۆتە (22) ملیار دۆلار و مانگانەش حکومەت بڕی (300) ملیار دینار کورتهێنانی لە موچەی فەرمانبەراندا هەیە داهاتی مانگانەشی لە باشترین حاڵەتدا 880 ملیار دینار بوە.
پێشتر سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، سەرەڕای پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم مانگانە کورتهێنانی هەبووە، ئەوەش بەهۆی دانەوەی بەشێک لەو قەرزانەی لەسەریەتی لەگەڵ پێدانی پارەی حەقدەستی کۆمپانیا و پارەی پێشەکی فرۆشتنی نەوت.
عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینار قەرزی پاشەکەوتی ساڵی 2015ی فەرمانبەرانی لایە کە (3) ملیار دیناری پاشەکەوتی موچەی ساڵی 2016یە کە (4) ترلیۆن دینارە و هەمووی دەگاتە زیاتر لە (7) ترلیۆن دینار.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017، بڕی 26 ترلیۆن دینار قەرزارە، ئەوەش بەهۆی کورتهێنان بووە لەو بودجەیەی کە لە بەغداوە ڕەوانەکراوە، بۆیە حکومەتی هەرێم ساڵانە 3 ترلیۆن دیناری وەک قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنان کاریانکردووە قەرزکردووە، لەگەڵ زیاتر لە (6) ترلیۆن دینار بۆ خەرجی کارەبا.
لە کۆبوونەوەی 17ی نیسانی 2017 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی قەرز و پابەندە داراییەکان دا.
دارا خەیلانی، ڕاوێژکاری ئابووری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە بەمەبەستی زانینی کۆی گشتی قەرزە جۆراوجۆرەکان و بۆ ئەوەیە حکومەت پێشچاوی ڕوون بێت کە چەند پارە قەرزارە و چەندیش قەرزی لای خەڵکە.
08-07-2017