ڕۆژی شەممە 8ی 7ی 2017 لە پیرمام یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشداریی نوێنەری پارتە سیاسی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوە چوو.
دوای تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
یەکەم: پابەندبوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی 7ی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەرکردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک.
دووەم: بۆ هەنگاونانی پڕاکتیکی لە ئامادەکاری لەسەرجەم بوارەکانی ڕیفراندۆم هەیکەلیەتی کاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و کۆمیتە فەرعییەکان دیاری کرا.
سێیەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فەراهەم دەکات.
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
08-07-2017