دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوە دەدات لەسەر پێبژاردنی سزای ئەو کەسانەی ئاو بەفیڕۆدەدەن و ئاشکرایدەکات کە لە ئێستادا هیچ سزایەکی لەو جۆرە لەبەردەست نییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیستێکی پێبژاردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە لەسەر پێبژاردنی بەفیڕۆدانی ئاو.
بەپێی خشتەکە شوشتنی بەردەرگا و شوشتنی ئۆتۆمبێلی بچوک و ڕژانی ئاو لەسەر تانکی سەربان بەهۆی نەبەستنی تەوافە، پەنجا هەزار دینار سزای هەیە. ئەگەر ئۆتۆمبێلی گەورەش لەبەردەرگا بشورێت ئەوا حەفتا و پێنج هەزار دینار سزا دیاریکراوە.
ئەو کەسانەی باخچەیان لەبەردەم ماڵەکانیان دروستکردوە و بە ئاوی خاوێن ئاوی دەدەن ئەوا سەد هەزار دینار سزا دیاریکراوە.
زۆرترین سزا کە لە خشتەکە دیاریکراوە پێنج سەد هەزار دینارە لەبەرامبەر دەستکاریکردنی بۆڕی سەرەکی و قوفڵی مەنهۆڵەکان.
مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 8 تەمووزی 2017، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هیچ خشتەیەکمان لەبەردەست نییە بۆ سزای ئەو کەسانەی ئاو بەفیڕۆدەدەن.
پێشتر دەستکرا بە دانانی پێوەری ئاوی ماڵان و خەڵکێکی زۆر ئەو پێوەرەی داناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری پێناکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم وتیشی پارێزگای هەولێر 93% خەڵکی پێوەرەکەیان بەستوە و پارێزگای سلێمانیش 92%، بەڵام لە پارێزگای دهۆک تەنها 78% پێوەرەکەیان بەستوە.
مەسعود کاڕەش وتیشی ئەگەر لە هەموو پارێزگاکان بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بگاتە سەروی %90 ئەوا کار بە پێوەرەکە دەکرێت بۆ وەرگرتنی پارەی بەکارهێنانی ئاوی ماڵان.
08-07-2017