نووسینی: ئیدریس عەلی
عەشقی هاجەرە
دەقی سەرکەوتوو ئەوە دەقەیە کە خوێنەر خۆزگە بخوازێت کە خۆی ئه و دەقی نووسیبوایە، دەقی سەرکەوتوو ئه و دەقەیە کە خوێنەر خۆی تێدا ببینێتەوە و وێنای خەون و خەیاڵ و ئارەزوو و حەز و خولیای ئه و بکات.
لەم دەقەی ئیدریس عەلیدا کە بەڕاستی زمانێکی پاراو و بێ گرێ و گۆڵی هەیە و تا حەز بکەیت زمانێکی شیرین و پاراوی هەیە و هاوکات لەوپەڕی سادەییدا جوانی تایبەت بەخۆی هەیە و خوێندنەوەی ئه و تێکستە ماندووت ناکات و هەتا دوایین لاپەڕەکان لەگەڵ خۆی دەتبا.
لەم تێکستەدا کە تەنها خوێنەر دەتوانێت ناوی بنێت نەک نووسەر، باس لەچەند شتی ناو کۆمەڵگا کراوە کە هەرکام لەئێمە لەژیانمدا بۆ جارێکیش بێت بەرەوڕووبوونەتەوە.
لەیەکەم دا دەنگی من نووسەر باس لە بێدەنگییەکی کوشندە دەکات کە هەندێکجار یەخەی باوک دەگرێت، بێدەنگییەک کە هەمووان تەنها دار و دەرخت و دیواریش بێدەنگ دەکات.
نووسەر باس لەوە دەکات کە بێدەنگی دایک چەند لەگەڵ بێدەنگی باوک جیاوازی هەیە، دایک ئەگەر بێدەنگیش بێت ژیان بەردەوامە، بەڵام کە باوک بێدەنگ دەبێت هەموو شتەکان بێدەنگ و کپ دەکات و هەر ئەوەشە کە بێدەنگییەکی کوشندە باڵ بەسەر ماڵ و ئەندامانی ماڵەوەدا دەکێشێت.
بێدەنگییەک کە نووسەر ئاوات دەخوازێت کە ئه و بێدەنگییە قەت ڕوو نەکاتە هیچ ماڵێ.
لەچیرۆکەکانی تردا بەتایبەت زۆر باس لە خۆشەویستی هاجەرە و فەقێ عەلی دەکرێت، کچێکی قەرەج عاشقی فەقێ عەلی دەبێت، فەقێیەک کە باوکی ئامادە نییە کچێکی قەرەج بۆ کوڕە تاقانەکەی بخوازێت هەر بۆیە بۆ ئەوەی کە ئەم دوو خۆشەویستە بەیەک نەگەن پیلانێکی شووم دادەڕێژن و بەزەبری زۆرداری کارێک دەکەن کە کچە و باوکی کچە لەترسی گیانیان بارگەوبنە تێکەوەپێچن و سەری خۆیان هەڵگرن، خوا نەبێت کەس نەزانێ ڕوو دەکەنە کوێ.
کچێک کە قەدەر غەدری لێکردووە و بەپێچەوانەی ویستی دڵی خۆی لەناو قەرەجان لەدایکبووە و ئه و مۆرک و نیشانەی بە نێوچاوانەوە نووساوە و هەتا مردنیش لەکۆڵی نابێتەوە.
لێرەدا دووبارە دەبینین کە ئایین و کلتوور دووبارە سەنگەر لەیەکتر دەگرن و ئایین هەموو هێز و توانای خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەموو شتە کلتوورییەکان بخاتە خزمەتی خۆی و جاری واهەشە جوانییەکانی کلتوور ناشیرین دەکات.
له و چیرۆکانەدا دووبارە هەمان ئه و نەگبەتی و نەهامەتییەی کە دوو کەسی هۆگر بەیەک لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراوی ئایینی تووشی دەبن و ناچار لەبەر ئایین و بڤەکانی ئایین هەموو سۆز و خۆشەویستی و پاکی و بێگەردی خۆیان هەر بە زیندووی زیندەبەچاڵ دەکەن و هەرکامیان بەره و چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێن.
ئەوەی لێرە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت شیرینی زمان و وێنە و خەیاڵی جوان و دانسقە لەتایبەتمەندییەکانی ئەم تێکستەیە. تێکیستێک کە خوێنەر بەرنادات و هەتا کۆتایی لەگەڵ خۆیدا دەیبات بە پێچەوانەی زۆر دەقی تر کە هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتادا دڵی خوێنەر دەتۆرێنێ و ناچار هەر لەسەرەتای ڕێگا خوێنەر ناچارە لە ئەسپی خوێندنەوە دابەزێت و ڕێگای خۆی جیا بکاتەوە.
ناساندنی:جەواد حەیدەری