ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەکرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 هەناردەی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە ئامادەبێت.
دوای ئەوەی کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکردبوو، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، کۆمپانیاکەیان نزیکدەبێتەوە لە پڕۆسەی دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران.
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ئاماژەشی بەوەکردبوو، بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی دەستپێکردووە، بەمەش کۆمپانیاکە دەستدەکات بە هەناردەی غازی سروشتی لەهەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.
علی هالۆ، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزه و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمان کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم لە ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی کردووە ڕەنگە ژێرخانی بەرهەمهێنانی گاز دابمەزرێنن لە کوردستاندا و بەپێی زانیارییەکانی ئه و کۆمپانیایە ئەوان دەتوانن لە ماوەی ئەو چەند مانگەی 2017 ژێرخانەکە دروستبکەن، لە ئەگەری تەوابوونی کارەکان، ئەوا لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ژێرخانی سامانی غازی سروشتی بنیاددەنرێت و دواتر دەستدەکرێت بە بەستنەوەی بۆرییەکان و پاشان غازەکە هەناردە دەکرێت.
هالۆ، ئەوەشی خستەرٍوو، ئەگەر کێشە نەیەتەپێش ئەوا حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە کۆتایییەکانی ساڵی 2017 غاز هەناردەبکات و پێشبینیشدەکرێت تاوەکو ساڵی 2020 هەرێم بتوانێت 20 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات.
کێڵگەی بنەباوێ ڕۆژانە لەتوانایدایە (10 بۆ 20) ملیۆن مەتر سێجا غاز هەناردەبکات و کێڵگەی میرانیش نزیکەی (7 ملیۆن بۆ 14) ملیۆن مەتر سێجا هەناردەبکات و بەگوێرەی ڕێکەوتنەکە کۆمپانیای گەنەڵ بۆ هەر 28 مەتر سێجایەک لە هەناردەکردنی غاز بڕی (1.2) دۆلار وەردەگرێت.[1]
20-07-2017