ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی
دیاردەی خەتەکردنی کچان لەهەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە و چالاکوانێکی ژنانیش دەڵێت: بەهۆی زاڵبوونی دابونەریتی کۆمەڵگا تائێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بەیەکجاری بنەبڕ بکرێت.
لەهەرێمی کوردستان دیاردەی خەتەنەکردنی مێیینە کە زیاتر لە گوندە دورەدەستەکان ئەنجام دەدرێت و بەهۆی بەنهێنی ئەنجامدانی ئەو کارەش تا ئێستا نەتوانراوە ڕێگری لەو دیارەدەیە بکرێت و بکەرانی بەسزا بگەیەندرێن.
هێرۆ وەکیل، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەری چەندین چالاکیمان ئەنجامداوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی خەتەنەکردنی کچان لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و نمایشکردنی کورتە فیلم و پێدانی زانیاری تەواو لەسەر زیانەکانی خەتەنەکردنی کچان.
هێرۆ، وتیشی:هەرچەندە بەپێی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2011، کە لە پەرلەمانی هەرێم دەرچووە، لەبڕگەیەکیدا باس لە سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی خەتەکردنی کچان و ئەوانەشی کە هانی کچان و کەسوکاریان دەدەن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و تاڕادەیەکیش جێبەجێ کراوە بەڵام بەداخەوە لەکۆمەڵگای ئێمەدا ئەو کارە بە ئاشکرا ناکرێت و بە نهێنیە، تاوەکو بتوانرێت ئەو کارە بەیەکجاری بنەبڕ بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا:بەداخەوە ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە دینەوە و هەندێ مامۆستای ئایینی بەڵگە دەهێننەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە کە لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە، لێدوانەکانیان زۆر لاوازن، ئەوەش پاش ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان بە چەند مامۆستایەکی ئایینیەوە کردووە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە و لەکاتی سەردانەکانمان بۆ گوندەکان هاوکاریان کردوین لەگەیاندنی ئەو پەیامە ڕاستییە.
ئەو چالاکوانە باسی لەوەش کرد: لە سەردانەکانماندا لەگەڵ چەندین کچ کە ئەو کارەیان لەگەڵ کراوە دانیشتوین وگوێمان لە موعانات و خەمەکانیان گرتووە کە بەهۆی زاڵبوونی کلتور و دابونەریتی کۆمەڵگا ناچار کراون ئەو کارەیان لەگەڵ بکرێت کە بەداخەوە زۆربەی کێشەکانی نێوان هاوسەرەکان و زۆربەی کەیسەکانی دادگا لەسەر ئەو بابەتەیە کە دواجار بەجیابونەوەی هاوسەرەکان کۆتایی هاتووە.
د.شوان هەورامی، باسی ئەو دیاردەیەی کرد لەڕووی پزیشکییەوە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەڕووی پزیشکییەوە بریتییە لە لابردنی بەشێک لە جەستەی ئەو کچە بەشێوەیەک بەشی ئەستوری کۆئەندامی زاوزێی ڕەگەزی مێیینە لادەبرێت و هەندێک جاریش لەبەشی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێیینەکە لادەبرێت کە ئەمەش چەندین زیانی هەیە و بەداخەوە لەهەرێمی کوردستانیش ئەم دیاردەیە ڕوو لەهەڵکشاندایە، لەکۆی هەموو جیهان نزیکەی 130 ملیۆن کەسی مێیینە خەتەنەیان بۆ کراوە و ڕێژەکەش ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن کەس زیاد دەکات.
د. شوان، وتیشی:لەڕووی زانستی پزیشکییەوە مانەوەی ئەو بەشەی چەندین سودی هەیە و ئەو ژنانەی کە خەتەنەیان بۆ نەکراوە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە بۆیان کراوە، بەجۆرێک ئەوانەی کە بۆیان نەکراوە و ئەو بەشەی کە لانەبراوە ڕێگرە لەچوونە ناوەوەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بۆ ناو کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە لەکاتی منداڵبوون ئازارێکی کەمی دەبێت و لەکاتی سوڕی مانگانەش بەهەمان شێوە ئازاری کەمتر دەبێت و لەگەڵ ئەوانەشدا بە لابردنی ئەو بەشە ژنان تووشی نەخۆشی گوازراوە دەکات کە گەورەترین مەترسی لەسەر ژنانی خەتەنەکراو دروست دەکات.
ئەو پزیشکە باسی لەچەندین زیانی تریش کرد و وتی:بەداخەوە لابردنی ئەو بەشەی ڕەگەزی مێیینە کە باسمان کرد لەکاتی منداڵبووندا زۆرجار دەبێتە هۆی نەزۆکی کەسەکە و هەندێ جاریش ئەگەر بە وردی نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ نەکرێت، دەبێتە هۆی خوێن بەربوون و دواجار گیان لەدەستدانی کەسەکە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا:ئەو کارەی کە ئەنجام دەدرێت لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕ و ناشارەزاوە ئەنجام دەدرێت بە کەرەستەی نەشیاو، ئەمەش دەبێتە هۆی توشبوون و گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز و نەخۆشی جگەری ڤایرۆسی کە هەردوو نەخۆشییەکە چارەسەریشیان نییە، بۆیە هەرکارێک کە زیانی بۆ جەستەی مرۆڤەکان بێت، هەم لەڕووی پزیشکی و هەم لەڕووی ئایینیشەوە قەدەغەیە و نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەنجام بدرێت و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: هەرچەندە لەساڵی 2008 لە پەرلەمانی هەرێم یاسایەک دەرکرا بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە و سزادانی ئەنجامدەرانی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە بە کۆی دەنگ پەسەند نەکرا و نەڕۆشتە بواری جێبەجێ کردن تائێستا دیاردەکە هەیە و ڕێژەکەش ڕۆژ دوای ڕۆژ هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لەجیهان بەرەو هەڵکشان هەنگاو دەنێت و پێویستە بەهەموو شێوەیەک ڕێگری لێ بکرێت.
لەلایەکی تریشەوە مامۆستایەکی ئایینی بەناوی عەبدولکەریم شارباژێڕی، پێشنوێژ و وتارخوێن لەسلێمانی، ئەوەی بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند:خەتەنەکردن کردەیەکی سونەتە لەئیسلامدا، بەڵام بۆ پیاوان و مەکروهەیە بۆ ژنان واتە کردەیەکی نەگونجاوە و بەو پێیەش خەتەنەکردنی ژنان لەئیسلامدا کارێکی باش نییە و ئایەتێک یان فەرمودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) نەهاتووە کە ئاماژە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئەنجامدانی ئەو کردەیە بدات.
مامۆستا عەبدولکەریم، وتیشی:لەئایینی ئیسلام هاتووە، هەر کردارێک زیانەکانی لەباشییەکانی خراپتر بوون ئەوا ئەنجامنەدانی باشترە و بەپێی ئەو شیکارییە زانستیانەش کە بۆ ئەو دیاردەیە ئەنجام دراوە و زیانەکانی خراوەتەڕوو، نابێت ژنان خەتەنە بکرێن.
22-07-2017