ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
دانیشتویەکی پرۆژەی هێلان سیتی لە شارۆچکەی #کەلار# ئاشکرای دەکات، یەکەکانی ئەو پرۆژەیە زۆرترین کەموکوڕی تێدایە و کۆمپانیای جێبەجێکار بە شێوەیەکی خراپ یەکەکانی نشتەجێبوونی دروستکردووە، ئیدارەی گەرمیانیش ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەو پرۆژەیە سزا دراوە.
لە سنوری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەماوەی ڕابردوودا دوو پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوون بە ناوی هێلان سیتی و کەلاری نوێ دروست کران، ئێستا بڕیارە پرۆژەیەکی تری یەکەی نشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دروست بکرێ.
دلێر عەبدولڕحمان دانیشتوی گوندی هێلان سیتی، کە لەلایەن کۆمپانیای ڕووناکی جێبەجێ کراوە، بە ڕۆژنیوزی وت: پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی ڕووناکی یان هێلان سیتی لە کەلار، هەندێک لە کەموکوڕییەکان ئەوەیە، کە کۆنکرێتی خانووەکان بەشێوەیەکی ئەندازەیی نەکراون بەوهۆیەشەوە لە وەرزی زستاندا بەشێکی سەربانی خانووەکان هاوشێوەی دەفرێکیان لێدێت، کە ئاوی تێدابێت، ئەوەندەی ئاو تێدا دەوەستێت زۆرجار بەهۆی زۆری مانەوەی ئاوەکە لەسەربان دەبێتە قەوزە، هەروەک حەوشەی خانوەکانیش بەهەمان شێوە، زۆریان کۆنکرێتەکەی بەشێوەیەک کراوە، کە ئاوی تێدا دەوستێ و پێویستە بەدەست ئاوەکەی دەربکەیت.
دلێر عەبدولڕەحمان وتیشی: لەڕووی نەخشەوە هەندێک لە خانوەکان دەستکاری نەخشەی بنەڕەتییان کراوە، بەشێوەیەک شوێنی دەرگا گۆڕاوە بۆ شوێنێکی تر، یان قیاسی ژوورەکانی خانوەکان دەستکاری کراون، لەڕووی کەرەستەو مادەکانی خانوەکانیشەوە هەندێکیان کەرەستەی زۆر ئاسایی و سادەن و زوو خراپ دەبن، بۆیە هەندێک لە هاووڵاتیان بۆخۆیان هەندێک کەرەستە و مادەکانی خانوەکەیان کڕیووە و دواتر لە نرخی خانوەکەیان داشکێنراوە لەلایەن کۆمپانیاوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئیدارەی گەرمیان کۆمپانیای ڕووناکی سزا داوە بە دروستکردنی 60 یەکەی نیشتەجێبوون بەبێ بەرامبەر، بەڵام ئەو60 یەکەیەی کە حکومەت وەک سزا بۆ کۆمپانیای ڕووناکی داناوە دروستی بکات، لەبەرامبەر ئەو زیادەڕەوی و کەموکوڕیانەیە کە کۆمپانیاکە کردوویەتی لە پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوونی هێلان سیتی، نەک بۆ قەرەبووکردنەوە ئەو هاوڵاتیانەی کە خانوەکەیان کەموکوڕی تێدایە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕادەست نەکردنی یەکەکان بە خاوەنەکانیان، دلێر وتی: وەک من بزانم، بەهۆی کەموکوری دیکەوە، پرۆژەکە تا ئێستا لە لایەن شارەوانی و فەرمانگەی ئاو، وەرنەگیراوە.
ساڵەح میروەیس، ئەندامی لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی پرۆژەی یەکەی نشتەجێبونی کەلار بە ڕۆژنیوزی وت: پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوونی مامۆستایان، کە بڕیارە دروست بکرێت، هەزار و 500 یەکەیە، کۆی کارەکانی تەواو بووە، تەنها نرخاندنی ماوە، ناکۆکی لەسەر نرخ و شێوازی دروستکردنی یەکەکان هەبوو، خاوەن کۆمپانیا داوای دەکرد 600 یەکەی دووقات بێت ئێمەش ڕەتمان کردەوە، یان داوای دەکرد 100 یەکەی بۆ خۆی بێت و خۆی بیفرۆشێت، ئێستا تەنها نرخاندنی پرۆژەکە ماوە.
ساڵەح میروەیس وتیشی: هێشتا بەفەرمی دوا نرخ ڕانەگەیەندراوە، بەڵام نرخی هەریەکەک لە 5 دەفتەر نزیک دەبێتەوە، کۆی کارەکانی پرۆژەکەش تەواو بووه، لە ماوەیەکی نزیکدا دەخرێتە خزمەت مامۆستایانەوه، هەموو مامۆستایان دەتوانن سوودمەند بن بە ئەندام و نا ئەندامەوە، بەڵام مامۆستایی ئەندام خاڵی دەدرێتی، ناکۆکی نێوان مامۆستایانی ڕزگاری و کەلاریش چارەسەرکراوە.
سەبارەت بە بۆچونی ئیدارەی گەرمیان لەسەر پرۆژەکانی یەکەی نشتەجێبوونی سنوری شارۆچکەی کەلار، یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری هونەری بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئەو پرۆژانەی لەکەلار دروستکراون، خەڵکانی کەم دەرامەت و مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێچییەکان لێی سودمەند بوون و بەوان دراوە، سەبارەت بە کەموکوڕی لە پرۆژەکانی یەکەی نشتەجێبوون، لە هەموو پرۆژەیەکەدا کەموکوڕی کەم تا زۆر هەیە.
یونس ئەحمەد وتیشی: وەک ئیدارەی گەرمیان لەهەر پرۆژەیەکدا کەموکوڕی بەدی کردبێت، لیژنەمان پێکهێناوە بۆ لێکوڵینەوە و بەپێی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە مامەڵەمان کردووە، بۆ نموونە لە پرۆژەی هێلان سیتی، کە کۆمپانیای ڕووناکی هەستاوە بە دروستکردنی، سزامان داوە و ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ئەو سزایەیە، کە بۆی دیاریکراوە لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە، سزاکەشی بریتییە لە دروستکردنی 60 یەکەی نشتەجێبوون، ئەمەش بۆ خۆی ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە بەردەوام چاودێری پرۆژەکان دەکەین و ڕێوشوێنی پێویستیشمان گرتوەتەبەر.
بۆ زانیاری زیاتر، سەبارەت بە کەموکوڕییەکان و بیستنی بیروڕای بەرپرسانی کۆمپانیای ڕووناکی، ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە مەریوان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای ڕووناکی، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات، هاوکات بۆ هەمان مەبەست پەیوەندی کرا بە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای ڕووناکی، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
22-07-2017