هاوڕێیانی بەڕێز
ئەندامانی جڤاتی گشتی #بزووتنەوەی گۆڕان#
ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان
رێز و سڵاو
نزیکەی دووساڵ لەمەوبەر و لە سێ بۆنەی جیاوازدا بە ڕاشکاوی ڕامگەیاند کە ئەم بەندەیە ئەرکی ئەخلاقی، ئەرکی دینی، ئەرکی نیشتمانی و ئەرکی نەتەوەیی خۆمم بەجێهێناوە و بزووتنەوەی گۆڕانیش کەوتووەتە سەر قاچی خۆی، بۆیە ئیتر ڕەنگە پێویستییەکی ئەوتۆی بە من نەمابێت و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێت و کاتی ئەوە هاتبێت گۆڕان ڕێکخەرێکی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت.
بەڵام ئەوەی دوایخستم لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕووداوە نەخوازراوەکانی کوردستان و بەدوای ئەویشدا هێرشی ناڕەوای پارتی بوو بۆ سەر بزووتنەوەکە و بۆسەر شەخسی خۆم.
ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە چاو حیزب و ڕێکخراوەکانی تری کوردستاندا ئاسانترە، ئەوەشمان لە ئەنجامی شیکردنەوەی تەجروبەی هەموو حیزبەکانی تر دەرهێناوە، بۆ ئەوەی حیزبایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حزب، بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستان بە بەستنی کۆنگرە نییە وەکو حیزبەکانی تر، جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەکی ئاسۆیی لە هەموو باژێڕەکانی کوردستان و لەناو ڕێکخراوکانی تاراوگە هەڵدەبژێرێت، ئەوانیش بەبێ ئەوەی پێویستان بە کۆنگرە بێت ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرن.
ئێستاش جڤاتی نیشتمانی بە هاوکاری و هەماهەنگی ژوورەکان و جڤاتی گشتی دەتوانن کەسێک لە خۆیان یان کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوەی خۆیان هەڵبژێرن بە ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیش هەڵبژێرن، بەپێچەوانەی هەموو حیزبەکان بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێت. بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەمیشە ئاسانە بکرێت و هەموو کات دەبێت بکرێت و ئەمە نابێتە کۆسپ.
من ئێستا پێموایە کە ئیتر کاتێکی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکی دیکە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە و هەروەها ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم هەرکەس وەک ڕێکخەری گشتی هەڵبژێرن من بە هەموو توانامەوە هاوکاری دەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە ئەرکەکەیدا.
قسەیەک کە لێرەدا بەباشی دەزانم بیکەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەموو ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی بزووتنەوەکە، تێکەڵاوکردنی ئەزموونە تێکۆشەرە دێرینەکانی ناو بزووتنەوەکەیە لەگەڵ هیممەتی گەنجە تازە پێگەیشتووەکانی.
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتییەکەدا پێویستی بە بەستنی کۆنگرە نییە، تەنیا بۆ هەموارکردنەوەی دەستوورەکەی و پەسەندکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی گشتی و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێویستی بە کۆنگرەیە.
لەگەڵ خۆشەویستی زۆری #نەوشیروان مستەفا#
22-07-2017