ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لاوازی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان و نەبوونی یاسایەکی تایبەت و کارپێکراو، وایکردووە ڕێژەی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکان لەسەر ژنان ڕوو لە زیاد بوون بکات، نوسەر و چالاکوانێک هۆکارەکانی دەخاتەڕوو و باسی ئەرکەکانی ڕێکخراوەکانیش دەکات.
لە هەرێمی کوردستان 89 ڕێکخراوی نا حکومی و حزبی هەیە کە تایبەتە بە ژنان و کێشەکانی ژنان، بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەشدا، هێشتا نەیانتوانیوە ببنەهۆی کەمکردنەوەی کێشەکانی ژنان و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان لەسەر ژنان.
کنێر عەبدوڵا، نوسەر و چالاکوانی ژنان، بە ڕۆژنیوزی وت: لە کۆمەڵگای کوردیدا بەراوردی کار و ڕۆڵی ڕێکخراوەکان بە گوێرەی ساڵانی ڕابردوو دەگۆڕێت، بە بەراورد بە ئێستا کە پەرلەمان کارا نییە، حکومەت دەسەڵاتەکانی لە ئاستێکی لاوازی کارکردندان و دەرەنجامی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە لە کوردستان ڕوودەدات کاریگەری لەسەر دۆخی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و هەموو جومگە سەرەکیەکانەوە داناوە.
کنێر عەبدوڵا، وتیشی: بەردەوام بوونی کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان بەو لاوازییەش پەیوەندیدارە بەو کێشانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامیان هەیە، ڕێکخراوەکانی ژنان بە دوو کاری سەرەکی خۆیان هەستاون، کە یەکێکیان ئەوەیە کە هۆشیاری لەناو کۆی کۆمەڵگەدا بڵاوبکاتەوە بۆ ئاشنابوون بە مافەکانی ژنان لە ڕێگەی سیمینار و هۆرکشۆپ و کۆنفرانسەوە، ئەویتریان ئەوەیە، کە چۆن گۆڕانکاری دروستبکات لەو یاسایانەی کە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە.
ئامادەنەبوونی یاسا بە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت و دەڵێت: کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە لوتکەدایە، کوشتنی ژنان بە بیانووی جۆراوجۆر زیاد بووە، جیاوازی لە نێوان تاوانباراندا دەکرێت، بەجۆرێک کە ئەوتاوانبارانەی کە دەسەڵاتدار بن، یاخود کەسێک کە بێ دەسەڵات بێت جیاوازی هەیە، کە دەسەڵاتدارەکە بەهۆی هەندێک لە حسابات و پشتگیری لێکردن ڕزگاری دەبێت.
لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، وتی: هەر ژنێک کە کێشەی هەبێت و دێتە لای یەکێتی ژنان، ئێمە بەشی کۆمەڵایەتیمان هەیە، کە کەسی پسپۆڕ و توێژەری کۆمەڵایەتی تیایە گوێ بیستی ژنەکە دەبێت، وە دواتر پیاوەکەش بانگ دەکرێت و گوێ بیستی پیاوەکە دەبێت و کێشەکان باس دەکرێت، ئەگەر چارەسەر کرا و پێکهاتن ئەوا دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرا بەهۆی ئەوەی کێشەکانیان گەیشتۆتە بنبەست و ژنەکە یان پیاوەکە داوای جیابوونەوە دەکەن، ئەوا ڕەوانەی بەشی یاسایی یەکێتی ژنانی دەکەین بۆئەوەی بچنە دادگا و کێشەکانیان لە دادگا چارەسەر دەکرێت.
هەروەها وتیشی: وە قۆناغێکی سەختریش هەیە کە ئەو ژنانەی کە هەڕەشەیان لەسەرە لەلایەن کەسوکارەوە، دێن لە (لانەی ئارام) داڵدەیان دەدات کە یەکێتی ژنان دایمەزراندووە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژن و کچانەی کە هەڕەشەیان لەسەرە، دواتر بە شێواز و میکانیزمی جۆراوجۆر پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە دەکرێت بۆئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و بنێردرێنە ماڵەوە، بەڵام ئەمەش هەندێکجار سەختە، کە کوشتنی کچەکەی یان ژنەکەی بە حەڵاڵ بزانێت و ئەوە بە دواچارەسەر بزانێت لە هزر و بیرکردنەوەی خۆیدا، زۆر سەختە بتوانێرێت کە باوەڕی پێبکرێت و ژنەکە بگەڕێنرێتەوە ناو خێزانی و چارەسەر بکرێت.
بە گوێرەی ئاماری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومەییەکان کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە پارێزگای سلێمانی 24 ڕێکخراوی ناحکومی تایبەت بە ژنان هەیە، لە هەولێریش 35 و لە دهۆکیش حەوت و لە کەرکووکیش 11، و لە هەڵەبجەش دوو ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان هەیە، لەگەڵ 10 ڕێکخراوی حزبی کە تایبەتن بە مافەکانی ژنان.
24-07-2017