دەم دەخوا، چاو شەرمەزارە
لە کوردەواریدا زۆر شت هەن دەستەوایین وەکوو: شین و شایی دەستەوایی، ئەوهاش داوەتکردن و هاوکاری و زبارە و هەرەوەزی و نانخواردن و کار بۆ یەکتری کردن هەمووی دەستەواییە، لە کۆندا و تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت داوەت و نانخواردن لە ماڵی یەکتریدا نەریتی باو بووە، ئەو کەسەی نابدەربووایە پێگە و جێگە و پلەوپایەی باشی دەبوو، هەندێ لە داوەتەکان مەبەستێکی لە پشتەوە بووە، بۆ ئەوەی دوای نانخواردنەکە تەکلیفێکی لێ بکرێت، بۆ خواستنی ئەسپێک یان کیژێک یان ئەنجامدانی کارێک هەموو ئەوانە وایکردووە لە ئەدەبیاتی کوردەواریدا بە ئیدیۆم ئەو جۆرە داوەتە باس بکرێت بووترێت: دەم دەخوا، چاو شەرمەزارە، بەهۆی ئەو نانخواردنەوە تەکلیف دەکرێت و بەهۆی خواردنەکەشەوە چاوت شۆڕ دەکەن و ناچاری کە داخوازی و داوکارییەکەیان بۆ جێبەجێ بکەیت.
دەم دەخوات، چاو شەرمەزارە
لە کوردەواریدا نمەک گیر بوون زۆری لەسەر باس کراوە، نمەک واتە مانەوە و حەوانەوە و نان خواردن لە ماڵی کەسێک، ئەو کەسانەی ڕەسەن و دسن بن لەناو کوردان ئەگەر دز-یش بن گەر نمەکی ماڵێک بکەن دزی لێ ناکەن، واتە دەم خواردی ئیتر چاو شەرمەزار دەبێت و نابێت چاوت بەرانبەر ئەو ماڵە (قایم) بێت و دەست بۆ ناموس و سەروەت و سامانیان ببەیت و هەر کاتێکیش کارێکیان پێت بوو دەبێت خۆت بەشەرمەزاریان دابنێیت و کارەکەیان بۆ ڕابپەڕێنی، بۆیە کاربەدەستی ڕەسەن لەکاتی ئەرک و کاردا هیچ جۆرە داوەتێک (قبووڵ) ناکات چونکە دەزانێت دەم بخوات چاو شەرمەزارە. [1]