پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەمووز، پرۆژە یاسای بودجەی تەواوکاری ساڵی 2017 پەسەندکرد، کە تیایدا دەستەبەربوونی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و خەرجیی ئاوارەکان لە خۆگرتووە.
سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای دەکات، بودجەی تەواوکاری، کە ئەمڕۆ پەسەندکرا، دەستەبەربوونی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشان و خەرجی ئاوارەکان لە خۆدەگرێت.
راشیگەیاند، بودجە تەواوکاریی یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی وەزارەتی کارەبا و نەوت و پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و گواستنەوە.
هاوکات مەسعود حەیدەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بێ ئومێد بووین لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی لەسەر دۆسێی نەوت و مووچە، دوو بابەت لە بودجەدا بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە بریتبوو لە پارەی دەرمانی هەرێم و پارەی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016.
راشیگەیاند، دوێنێ تا درەنگانی شه و لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و حکومەت و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە گفتوگۆدا بووین بۆ پێدانی دڵنیایی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ خەرجکردنی پارەی دەرمانی هەرێم و شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم بە یەکسانی لەگەڵ شارەکانی دیکە عێراق و بەپێی ڕێژەی قەبارەی پارەکە.
مەسعود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمرۆ 24ی تەمووز کاتژمێر 11:30 خولەک حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانمان بینی و بەڵێنی پێداین، کە ئه و دوو بابەتەی سەرەوە جێبەجێ دەکات و وتی بە ناوی منەوە دڵنیایی بدەنە خەڵکی کوردستان کە خەرج دەکرێت.
25-07-2017