حکومەتی عێراق لە سندووقی ئاوەدانکردنەوەدا، 40 ملیار و 22 ملیۆن دیناری بۆ ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکانی #کەرکووک# تەرخان کردووە و، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پلانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکانی پەسەندکرد، کە 127 پرۆژەی حەوت فەرمانگەی لەنێودایە.
شارۆچکەی مولتەقا و ناوچەی بەشیر و 72 گوند، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە تەواو وێران بوون، ئاوەدان دەکرێنەوە، بەشێکی بودجەکەش بۆ پێداویستیی فەرمانگە و پڕۆژەکانی نێو کەرکووک تەرخان دەکرێت، چونکە بەغدا زیاتر لە سێ ساڵە شایستە داراییەکانی ئەو شارەی نەناردووە.
ئەڵماس فازڵ، بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لەنێو پلانەکەدا پرۆژەی بۆ ناو شاری کەرکوویشی تێدایە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە فەرمانگەکان خراونەتە خزمەتی ئاوارەکان. ئاوارەکان سوودمەند بوون لە فەرمانگەکانی کارەبا، ئاو، تەندرستی و ڕێگاوبان و چەندین فەرمانگە دیکەش، ئێمەش بەڕەچاوکردنی ئەو بابەتە پلانەکەمان پەسەندکردووە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی کەرکووک و، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، لە سندووقی ئاوەدانکردنەوە مانگانەدا چوار بۆ شەش ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان خەرج دەکرێن.
راکان سەعید، جێگری پارێزگاری کەرکووک دەڵێ دواکەوتنی خەرجکردنی بڕی ئەو پارەیەی بۆمان دیاریکراوە لەبەرژەوەندیماندا نییە، بۆیه بەپەلە لەگەڵ ئەنجوومەن بڕیارمان لەسەری دا. پێویسته زۆربەی پرۆژەکان لەماوەی ئەمساڵدا جێبەجێ بکەین، ئەگەرنا بودجەکە دەگەڕێتەوە وەزارەتی داریی و، بۆ ساڵی داهاتوو دەمێنێتەوە.
26-07-2017