دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
پرۆژەیەک بۆ ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی #هەڵەبجە# ڕادەگەیەنرێت، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و ڕاهێنانی جەستەیی و دەرونییان.
مەریوان وەهبی، بەرپرسی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوار شەممە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پرۆژەکەیان کردو ئەوەی باسکرد، بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و هاوکات بەهێزکردنی توانا جەستەیی و دەرونییەکانی خوێندکاران، لە ئەمڕۆوە بە هاوکاری ڕێکخراوی فیدای نێودەوڵەتی بۆماوەی دوو مانگ دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سنورەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم پڕۆژەیەدا کەسوکاری منداڵە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان هاوکارمان دەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی خوێندکارەکان دەبنەوە، هەروەها بۆ بینای خوێندن و دابینکردنی مامۆستا و پرۆگرامی خوێندنیان ئامادەکاری تەواومان کردووە.
بەرپرسی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە ئەوەشی وت: لەبەرنامەماندا هەیە کە ئەم پرۆژەیە بکەینە پرۆژەیەکی بەردەوامی درێژخایەن و زۆرترین منداڵ سودی لێ وەربگرێت، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە پشتیوانی خۆیان نیشانداوە بۆ دابینکردنی هۆڵ و پێداویستیەکانی تایبەت بە وتنەوەی وانە زانستی و جەستەیی و دەرونییەکان.
26-07-2017