خەندان-کوردستان جەلال
محەمەدو شادان، بیروبۆچونیان تەواو جیاوازە لەبارەی ئه و دەنگۆیانەی لەبازاڕ بڵاوبوونەتەوە، محەمەد ئازوقەیەکی زۆری کۆکردووەتەوە، بەڵام شادان هیچ ترسی نییه و بێ خەم لێی دانیشتووە.
محەمەد هەر لە ئێستاوە بە بەهای 120 هەزار دینار ئازوقەی کۆکردووەتەوە لە برنج و ڕۆن و هەندێک پێداویستی دیکە، لەترسی ئەوەی نەبادا گرانی سەرهەڵبدات.
ئەوەی محەمەدی هانداوه بۆ کڕینی ئه و ئازوقە زۆرە، بەوتەی خۆی بینینی خەڵکێکی زۆر بووە کە پەیتا پەیتا لەمارکێتێکدا کاڵایان ئەکڕی بە جۆرێک زۆر درەنگ نۆرەی من هات شتەکانم لە کاشێرەکە حساب بکەم.
محەمەد هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو کوڕو کچەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئازوقە کۆبکەنەوە، وەک خۆئامادەکاریی بۆ هەر قەیرانێک کە ڕوو لەهەرێم بکات.
ئێستا بەشێک لەخەڵکی کوردستان، له و ڕەوشەدان کە محەمەدی تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆی ئه و دەنگۆیانەوە کە بەرپرسان بە ناڕاست ناوی دەبەن، بەڵام خەڵکێکی زۆریش هەن کە پێیانوانییە ئه و دەنگۆیانە ڕاستبن و وەکو کاتێکی ئاسایی مامەڵە دەکەن.
شادان کەریم یەکێکه له و کەسانەی کە وەکو ڕۆژانی ئاسایی مامەڵە دەکات، دەڵێت هیچ ترسی نییه و له و باوەڕەدا نییە کە گرانی ڕووبدات، به و هۆیەشەوە پەنای نەبردووەتە بەر کڕینی خۆراکی زیادە.
شادان بە خەندان-ی وت من و هاوسەرەکەم و خانەوادەکەشمان هیچ ترسێکمان نییە لەدروستبوونی گرانی لەبازاڕداو هیچ شتێکیشمان نەکڕیوە بەمەبەستی ئەوەی هەڵیبگرین و کۆی بکەینەوە.
ئه و پێیوایە، لێدوانی بەرپرسان و میدیاکان وای کردووە خەڵک ترسی لەلا دروست ببێت و ئازووقە کۆبکاتەوە.
پەیامنێری خەندان لەبەدواداچونێکی مەیدانیدا بۆ ناو بازاڕە قەرەباڵغەکانی سلێمانی، تێبینی ئەوەیکرد کە بەشێک لەخەڵک دەستیانداوەتە کڕینی خۆراکی زیاتر، بەڵام ڕێژەکەیان زۆر نین بەراورد به و کەسانەی کە هەر وەکو جاران دەچن بۆ کڕینی پێداویستی.
رێباز عەباس ئابووریناس پێیوایە، هاوڵاتیان خۆیان هۆکاری زیادبوونی نرخەکانن، بەو پێیەی کە پەلاماری کاڵاو شمەک ئەدەن و وایان کردووە نرخەکان بەرز بێتەوە پێشبینی ئەوە دەکەم لەچەند ڕۆژی داهاتودا نرخەکان ئاساییی ببنەوە.
باسی لەوەشکرد، جوڵەی بازرگانیش لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان وەک و جاران وایەو بگرە زیاتریشە، ئەگەر خاڵە سنورییەکانیش دابخرێت، هەرێمی کوردستان دەروازەی فڕۆکەخانەکانی هەیەو دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت، واتە ئەگەری دەست نەکەوتن و گرانبوونی نرخ ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ترسی هەندێک کەس لەداخستنی سنور لەلایەن وڵاتانی دراوسێ وە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام هاوڵاتیان دڵنیادەکەنەوە کە هیچ ڕەوشێکی له و شێوەیە ڕووناکاتە هەرێم، بۆ ئەوەش لەسەر ئاستی پارێزگاکان لیژنەی تایبەت بە چاودێری نرخ و سزادانی ئه و بازرگانانە پێکهێنراوە، کە دەنگۆی له و شێوەیە بڵاودەکەنەوە.
عەبدولکەریم حەمە ساڵح دوکاندار لەژێر پردەکەی سلێمانی دەڵێت ڕۆژانە کڕیاری زۆر سەردانمان دەکەن و ئازووقە کۆدەکەنەوە.
ئەو دەڵێت هۆکاری ئەوە تەنها چاولێکەرییە، کاتێک هاوڵاتیەک دەبینێت دراوسێکەی فەردەیەک برنجی کڕیوە ئەویش دەچێت دەیکڕێت. بەبڕوای ئه و دوکاندارە، هۆکارێکی تریش کە وای لە خەڵکی کردوە بترسێت و ئازوقە کۆبکاتەوە میدیایە، چونکە هەندێک کەناڵ بابەتەکەیان گەورە کردووە.
لەئێستادا تەنها نرخی گەنم ڕووی لەبەرزبوونەوە کردووە، بەڵام بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی، بەشێکی بۆ قەدەغەی هاوردەکردنی گەنم بۆ هەرێم دەیگەڕێننەوە، بەشێکی دیکەشی بۆ خواستی زۆری هاوڵاتیان.
ڕەسوڵ خدر فرۆشیاری وشکە لەژێر پردەکەی شاری سلێمانی دەڵێت، نرخی گەنم بەرزبووەتەوە بەجۆرێک پێشتر گەنممان ئەکڕی بە 350 دینار، ئێستا بووە بە 750 ئەویش گەنمی خراپ، گەنمی باش لە 800 بۆ 900 کەمتر نییە.
ڕەسوڵ کە ماوەی 20 ساڵە دوکانی وشکەی هەیە پێیوایە، هیچ گرانییەک دروست نابێت تەنها ئەوەیە خەڵک دەترسێت بەهۆی #ڕیفراندۆم#ەوە.
30-07-2017