ڕێکخراوێکی عێراقی بۆ پارێزگاریی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، پێشێلکارییەکانی هەرێم لە دژی ڕۆژنامەنووسان بڵاودەکاتەوە کە لە حەوت مانگی ڕابردوودا لە دژیان ئەنجام دراوە، هاوکات ڕاشیدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسیدارترین و خراپترین ناوچە لەعێراق بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.
کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق، ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و بە یەکێک لە جوگرافیا مەترسیدارەکانی لەقەڵەم داوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و کایەی ڕۆژنامەوانی.
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەپێی پێوەرەکانی 'کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق'، هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسیدارترین و خراپترین ناوچە لەعێراق بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.
هەورەها ئەوەش هاتووە:ئەو ناوچەیە ئاماری بەرزی تۆمار کردووە لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و هەوڵی کوشتن و گرتن و ڕاگرتن و پێشێلکردنی ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانی ڕاگەیاندنی کوردی، ئەوەش دوای ئەوە هات کە چەند میدیاکارێکی حەوت دەزگای ڕاگەیاندن لە هەولێرەوە بەزۆر نێردرانەوە سلێمانی، نووسینگەی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن داخران لە هەولێر و دهۆک.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:تا ڕۆژی 30-07-2017 کۆمەڵێک پێشێلکاریی ئەنجامدراون کە دوو ڕۆژنامەنووس تیرۆر کراون، هەوڵی کوشتنی یەکێکیش دراوە بە چەکی سووک، چوار حاڵەتی هێرشکردن و سووکایەتیپێکردن و بێڕێزییکردن ئەنجام دراوە بە ئامێری دیکە و چەکی سپی، کە بوەتە هۆی بریندارکردنی دوو ڕۆژنامەنووس.
لە سەرەتای دەقی ڕاپۆرتەکەدا باس لە شەهیدکردنی پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز 'نوژیان ئەرهان' کراوە لە ڕۆژی 23-03-2017 کە پێشتر بەهۆی دەستڕێژی چەکدارانی پارتی لە شارەدێی خانەسۆر بریندار کرابوو.
لە بەشێکی دیکەش ئاماژە بە دەستگیرکردنی پەیامنێری ئەو کاتەی ڕۆژنیوز 'سوارە محەمەد' کراوە لە ڕۆژی 05-03-2017 لەلایەن ئاسایش هەولێر و چەکدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین پێشێلکاری دیکەی دژی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی پێکراوە کە لەبەرامبەر میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە.
30-07-2017