مامەڵەی کڕین، فرۆشتن و بەکرێدانی باڵەخانەی بازرگانی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، نرخی کرێ و کڕین و فرۆشتنی باڵەخانەکانیش کەمبووەتەوە، بەجۆرێک هەندێک خاوەن باڵەخانە کرێی باڵەخانەکانیان بۆ نیوە دابەزاندووە و، هێشتا کەس لێیان بەکرێ ناگرێت.
ئیرۆن موراد، یەکێکە لەو خاوەن باڵەخانانە، ماوەی چوار مانگە دەیەوێت باڵەخانەکەی بەکرێ بدات، بەڵام زۆر بەزەحمەت کرێچیی دەستکەوتووە، سێ بازرگان لەماوەی ئەو ساڵەدا باڵەخانەکەیان بەکرێ گرتووە، بەڵام بەهۆی سستی بازاڕ و کار، باڵەخانەکەیان بەجێهێشتووە و، ئێستا بە چۆڵی ماوەتەوە.
ئیرۆن دەڵێ پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ئەم باڵەخانەیەی من بە حەوت هەزار دۆلار بەکرێ دەچوو، بەڵام ئێستا کرێیەکەم دابەزاندووە بۆ دوو هەزار و 500 دۆلار، کەچی چۆڵە و کەس نایگرێت، چونکە بازاڕ نییە و کار نەماوە.
لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەشێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان لە باشووری کوردستان کشانەوە، بەشێک لە بازرگان و سەرمایەدارانی نێوخۆش دەستبەرداری پرۆژەکانیان بوون، ئەمەش وایکرد دروستکردنی باڵەخانەی نوێ کەمبێتەوە.
سەربەست خدر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ ساڵی ڕابردوو 41 داواکاری بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی پێشکەشکراون، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 17 داواکاری پێشکەشکراون، هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ بارودۆخی دارایی و سیاسی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
حاجی سەلام، خاوەنی کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی خانوو و باڵەخانەیە و دەڵێ مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەکرێدانی باڵەخانەی بازرگانی کەمبووەتەوە، هۆکارەکەشی دیارە، کە کۆمپانیایەکی زۆری بیانی کوردستانیان بەجێهێشتووە، بازرگانان کەمتر کاری بازرگانی دەکەن، ئەمانە وایان کردووە بارودۆخی باڵەخانەی بازرگانی وایلێبێت.
بەپێی ئامارەکانی #دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان#: لە ساڵی 2016دا تەنیا شەش باڵەخانەی بازرگانی بە سەرمایەی زیاتر لە 39 ملیۆن و 558 هەزار دولار دروستکراون، لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا تەنیا سێ باڵەخانە بە سەرمایەی نزیکەی 11 ملیۆن و 500 هەزار دولار مۆڵەتیان پێدراوە.
30-07-2017