ڕۆژنیوز - بەرهەم لەتیف
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی #بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی# دژ بە ژنان لە #گەرمیان#، ئەمساڵ ٪59 توندوتیژی دژ بە ژنان زیادی کردووە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان تۆمار نەکراوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنانی بڵاوکردەوە و بەراوردی کرد بە ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، ڕایگەیاند: ئەمساڵ شەش ژن بەهۆی توندوتیژییەوە گیانیان لەدەستداوە، لەو شەش قوربانییە دوو حاڵەتیان خۆ خنکاندن بووە، سێ حاڵەتیان خۆ سوتاندن و یەک حاڵەتی سوتان بووە(دیار نییە خۆی سوتاندووە یان قەزاوقەدەر بووە)، بەڵام شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، هەشت قوربانیامان هەبووە، کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو، بەم شێوەیە ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنانی بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خستەڕوو:لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا، هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان تۆمار نەکراوە، بەڵام شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار دوو حاڵەت تۆمارکرا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا، دوو حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، دوو حاڵەت کەمیکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو:ئەمساڵ شەش حاڵەتی سوتان تۆمار کراوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، دوو حاڵەت زیادی کردووە، هەر لەمساڵدا شەش حاڵەتی خۆسوتاندن تۆمار کراوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، پێنج حاڵەت زیادیکردووە.
لە بەردەوامی خستنەڕووی ئامارەکاندا، ئەوەش هاتبوو:لەئەمساڵدا سێ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، حاڵەتێک زیادییکردووە، ئەمساڵ 359 حاڵەتی سکاڵا تۆمارکراوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار، 93 حاڵەت زیادی کردووە.
هەر بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پاردا بە گشتی 239 حاڵەتی توندوتیژیی دژ بەژنان تۆمار کراوە، بەڵام لەمساڵدا ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ 381 حاڵەت، بەوپێیەش، ئەمساڵ ٪59 حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان زیادی کردووە.
لەبارەی حاڵەتەکانی خەتەنەکردنی مێینەوە، لەمیعە محەمەد ڕایگەیاند: خەتەنەکردنی مێینە پرۆسەیەکی زۆر نهێنییە، تاوەکو ئێستا هیچ هاوڵاتییەک لەسەر خەتەنەکردنی مێینە، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان سکاڵای تۆمار نەکردووە، وە هیچ دەزگایەکی پەیوەندیدار ئاگاداری نەکردوویننەتەوە لە هەبوونی ئەو حاڵەتانە.
لەکۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، ئاماژەی بەوەش کرد:ئەوانەی کە تۆمەتبارن لە کەیسی توندوتیژی خێزانیدا، سەرجەمیان دراونەتە دادگا.
31-07-2017