ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاوڵاتییان بیر لە گەشتکردن دەکەنەوە بۆ ناوچەیەکی فێنکتر بۆ ئەوەی کاتەکانییان لە کەشوهەوایەکی دیکەدا بەسەر بەرن، بۆ ئه و مەبەستەش هەفتانە لە #هەولێر#ەوە 15 هەزار کەس بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی تورکیا دەکەن.
ئاژانسەکە دەڵێت: وڵاتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی گەشتیاری تێدایە و خەرجی گەشتکردنەکەش کەمترە لەچاو وڵاتانی دیکە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە هاوڵاتییانی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی زیاتر بەرەو ئەو وڵاتە گەشت بکەن.
خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاماژە بەوەداوە: کەلە وەرزی ئێستادا هەفتانە نزیکەی 15 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی تورکیا گەشت دەکەن.
سیروان سیامەند، خاوەنی کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی وتووە: لە وەرزی هاویندا ڕێژەی گەشتیاران بەرزدەبێتەوە و هاوڵاتییانیش زیاتر بۆ وڵاتی تورکیا گەشت دەکەن کە هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەرجی گەشتکردنەکە بۆ ئەو وڵاتە کەمترە لە چاو وڵاتانی دیکە.
ئەوەشی وت: ئێمەش وەک کۆمپانیا هەموو ئاسانکارییەکییان بۆ دەکەین و بە شێوەی گرووپ هاوڵاتییان دەبەین بۆ وڵاتی تورکیا بۆ ماوەی هەفتەیەک.
بەشیکی زۆری هاوڵاتییان لە ڕێگای گرووپی گەشتیارییەوە گەشت دەکەن ئەمەش بۆ ئەوەیە کە گەشتەکەیان خەرجی کەمتری تێبچێت و گەشتکردنی ئەم گرووپانەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
ئاژانسەکە ئەوەشی وتووە، خەرجی گەشتکردنەکە بۆ وڵاتی تورکیا بۆ هەر کەسێک بڕی 575 دۆلاری تێدەچێت کە چوون و هاتن بە فڕۆکە و دابینکردنی هۆتێل بۆ ماوەی یەک هەفتە و گواستنەوەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکان لە ئەستۆی کۆمپانیا دەبێت.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵانە لە مانگی تەمووزەوە ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکات بە پێی زۆری خواستی هاوڵاتییان، زیاتر وتی: ساڵانە لە مانگی 7و 8 و9 کە پشووی هاوین دەستپێدەکات، نزیکەی لە هەفتەیەکدا 15 هەزار گەشتیار گەشت دەکەن لەم ڕێژەیەش 10 هەزار گەشتیار بۆ ئیستانبوڵ و دوو هەزار گەشتیار بۆ ئانتالیا و 500 گەشتیاریش بۆ ئەنقەرە گەشت دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە گەشتیاران بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا دەچن.
سیروان سیامەند، ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییان لە لایەن کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو ڕێژە زۆرەی گەشتیاران دەزانێت و لەمبارەوە وتی: ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، سەدا سەد کاریگەری هەبووە، چونکە ئێستا گەشتیاران لەماوەی یەک ڕۆژدا ڤیزاکانییان وەردەگرنەوە و هەر هەمان ڕۆژ دەتوانن سەفەر بکەن.
سیروان سیامەند وتیشی: هاوڵاتییانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقیش زۆر جار لە هەرێمی کوردستان گەشت دەکەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە نرخی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستان هەرزانترە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عیراق.
بە پێی ئامارەکانی کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، ڕۆژانە حەوت فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو ئیستەنبوڵ گەشت دەکەن، هەفتانەش نۆ فڕۆکە بەرەو ئەنقەرە و دوو فڕۆکەش بەرەو عەنتاب دەفڕن.
01-08-2017