ڕۆژنیوز، ڕێباز سەباح
خاوەن دووکانەکانی پیشەوەریی ئۆتۆمبێل لە شاری #کەرکووک# ناڕەزایی دەردەبڕن لە بەرامبەر گواستنەوەی دووکانەکانیان بۆ ناوچەی پیشەسازیی و دەڵێن: ناتوانین کرێی مانگانەی ئەو دووکانانە بدەین.
شارەوانی کەرکووک بەهاوبەشیی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاریانداوە بە گواستنەوەی دووکانەکانی پیشەوەریی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕی کەرکووکەوە بۆ ناوچەیەکی پیشەسازیی تایبەت لە دەرەوەی شار، ئەم بڕیارەش ناڕەزایی پیشەوارانی لێکەوتووەتەوە.
فەریدون قادر، کە دووکانی فیتەریی هەیە، بە ڕۆژنیوزی وت:ئێمە وەک کاسبکارانی کەرکووک و بەتایبەتی کاسبکارانی گەڕەکی حەسیرەکە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئه و بڕیارە نین کە باس لە دەرکردنمان دەکات و بەهیچ شێویەکیش ئەم دووکانە چۆڵناکەین.
سەبارەت بە هۆکاری نەچوونیان بۆ ناوچەی پیشەسازیی، کە بۆیان دیارییکراوە، فەرەیدون، وتی:توانای بەکرێ گرتنی دووکانمان نییە لە ناوچەی پیشەسازیی، چونکە کرێکەی زۆر گرانە و بۆ هەر دووکانێک دەبێت پێشەکی 127 گەڵا بدەیت و مانگانەشە 500 دۆلار، من ئەو پارەیەم پێ نادرێت.
فەریدون وتیشی:ئه و ناوچە پیشەسازییە نوێیەی دروست کراوە بەشێک لە دووکانەکانی درزی تێکەوتووە بۆیە داواکارین زەویمان بۆ دابین بکەن بۆخۆمان دەیکەین بە دووکان ئەگینا بەهیچ شێویەک شوێنی ئێستامان چۆڵ ناکەین.
هەروەها، لەتیف عەزیز، کاسبکارێکی تری ئه و شوێنەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی:لەم جێگەیەی ئێستا من کاسبی لێ دەکەم کەبەرەنجی شانی خۆم بەگەرما عارەق دەرژێنین لەسەرماداهەڵ دەلەرزین، ڕۆژانە بەهۆکاری جیاجیا ڕاودەنرێین.
لەتیف عەزیز، وتیشی: حکومەت دەماننێرێت بۆ سوێنێک، کە دەبێت مانگانە 500 دۆلاری بدەینێ، لەکاتێکدا خۆی چارەکە مووچەی فەرمانبەرانی بۆ نادرێت.
هەر لە بارەی ئەو بڕیارەوە، دلێر غەفور، هاوڵاتییەکی شاری کەرکووک بە ڕۆژنیوزی وت:ئەگەر لەبەر جوانکاریی شار و بەرژەوەندی ژینگە ئەم بڕیارەیان داوە ئەوەکارێکی باشه، بەڵام کەسانێکی دەوڵەمەند بازرگانی به و دووکانانەوە دەکەن ئەم خەڵکەی ئێرەش باوەڕناکەم توانای دابینکردنی ئەو کرێیەیان هەبێت.
بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی وەڵام بۆ پیشەوارەن، ڕۆژنیوز چەندین جار پەیوەندیی کرد بە سەردار عەلی، سەرۆکی شارەوانی کەرکووک، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
03-08-2017