وەزیری #کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان# ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی گرفتەکانی حکومەتی بەغدا تائێستا ژمارەیەکی زۆر لە ڕوفاتی ئەنفالکراوان نەهێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان دەشڵێت، زیانەکانی جینۆساید بەرامبەر کورد بە 384 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئابی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی تر، تاوتوێی پرسی سەردانی لیژنە بۆ بەغدا و پێکهێنانی دادگایەکی تایبەت بەجینۆساید دەکات.
وەزیری شەهیدان، ڕوونیشیکردەوە، بڕیاردراوە لەگەڵ بەغدا پرسی پێکهێنانی دادگای تایبەت بەجینۆساید گفتوگۆبکرێت و داوای پشتگیرییان لێبکرێت، بۆ ئەم باسەش بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک درا تاکو بەم نزیکانە سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەبارەی بژاردەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتیی عیراق بکات، پاشانیش لیژنەی باڵا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کارەکانی بکات.
مەحمود حاجی ساڵح، ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێک لە ڕووفاتەکان هێشتا نەگەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقیش گرفتی دارایی و یاسایی و ئەمنی بۆ دروست کردوون، هاوکاریان نین بۆ گەڕاندنەوەی ئه و ڕوفاتانە.
ناوبراو، ئاماژەشی بەوەکرد، لە هەوڵی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر و دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوین بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە تائێستا سودمەند نەبوون.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وتیشی سەرجەم زیانی جینۆسایدەکان مەزەندە کراوە بە 384 ملیار دۆلار لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە کە حکومەت پابەند دەکات سەرجەم قەرەبووەکان بداتەوە و موچەی شەهیدانیش بدات، بەڵام تائێستا هیچ پابەندییەک به و ماددەیە نەکراوە و ئه و ماددە دەستوورییە جێبەجێ نەکراوە.
03-08-2017