ساختەکردنی پارە و هێنانی لەدەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بە جۆرێک کە تەنها لە 7 مانگی ڕابروودا نزیکەی 70 ملیۆن دیناری عێراقی و زیاتر لە 16 هەزار دۆلار هەروەها 3 هەزار یورو و 70 ملیون تمەنی ئێرانی دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەساڵی 2015 ەوە تا ئێستا نزیکەی 35 حاڵەتی هەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی دراوی ساختە ئاشکراکراون و بکەرەکانیشیان دەستگیرکراون.
کارزان چەندساڵێکە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکا، ڕۆژێک لە دوایین کاژێرەکانی کارکردنیدا ڕەنجی ساڵێکی ماندووبوونی بەهەدەردەچێ، ئەو یەکێکە لە قوربانیانی مامەڵەی دراوی ساختە، 3 هەزار و 500 یۆرۆ ساختەی بۆ کەسێک گۆڕیوەتەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت، ئەم ڕووداوە بەتەواوی ژیانی کارزانی گۆڕی و خستیە ژێر کۆمەڵێک قەرزەوە.
دەبێت ئەوانەی لێرە کاردەکەن زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، چونکە ساختەی هەمووجۆرە دراوێک بیندراوە و هێشتاش هەوڵی ساختەکردن و ساخکردنەوەی ئەو جۆرە دراوانە بەردەوامە.
لە ماوەی ئەمساڵدا 70 ملیۆن دنیار، زیاتر لە 16 هەزار دۆلار، 3 هەزار یۆرۆ و 7 ملیۆن تومەنی ئێرانی ساختە لەلایەن بەشی نەهێشتنی ساختەکاری لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستی بەسەرداگیراوە.
سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند نەتواندراوە هێنان و ساخکردنەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی بنبڕبکرێت، لەساڵی 2015 وە تا ئێستا 35 حاڵەتی هەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی دراوی ساختە ئاشکراکراون و بکەرەکانیشیان دەستگیرکراون.
03-08-2017