ڕۆژنیوز - ئەمیر خانەقینی
هەرچەندە مەترسیی دروستبوونی گرانیی بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە لە شارۆچکەی #خانەقین# لای هاوڵاتیان کەمترە، بەڵام هاوڵاتیان و بازرگانانی #گەرمیان# بۆ کڕینی خۆراک ڕوو لە شارۆچکەکە دەکەن و بەوهۆیەشەوە نرخەکان لە بازاڕی خانەقین بەرزبوونەتەوە.
لە شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە جیاواز لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان خۆراک عەمبار ناکەن، بەڵکو ڕۆژانە هاوڵاتیان و بازارگانانی ناوچەی گەرمیان لە خانەقین خۆراک دەکڕن و دەیبەن بۆ ناوچەی گەرمیان.
نزار محەمەد، دووکاندار لە خانەقین، بە ڕۆژنیوزی وت: نرخی خۆراک بە شێوەیەکی کەم گران بووە، بەڵام خەڵکی لە دەرەوەی خانەقین دێن خۆراک دەبن بە تایبەت ئارد و برنج، بۆیە کە خواست زۆر بێت خۆراک گران دەبێت.
هەر لەوبارەیەوە، سەمیر محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی خانەقین به ڕۆژنیوزی وت: بەهۆی ئه و هەلومەرجەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدان خەڵکی ناوچەی گەرمیان ڕوو لە خانەقین دەکەن و خۆراکی (برنج و ڕۆن و ئارد) دەکڕن و عەمباری دەکەن، بەهۆی ئەو دیاردەیەشەوە گرانیی لە بازاڕی خانەقین-دا دروستبوو.
لەبارەی هەوڵەکانی ئەوان بۆ ڕێگرییکردن لە دروستکردنی گرانیی ناو بازاڕی خانەقین، ناوبراو، وتی:لە بازاڕ ئازادە و ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین.
ئەحمەد خەلیل، چاودێری سیاسی لە بارەی ئەو مەترسییەی کە لای هاوڵاتیان دروستبووە، بە ڕۆژنیوزی وت: بەحوکمی ئەوەی ساڵانی نەهامەتیی بەسەر خەڵکی باشوری کوردستان هاتووە لە ساڵانی ڕابردوو، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەترسێت.
ئەحمەد خەلیل، وتیشی: لە گەڵ پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتی دراوسێ بە تایبەت تورکیا و ئێران کارتە فشارەکانیان بەکار دەهێنن بۆ سەر هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەوەی کاریگەری هەبێت بۆ پاشەکشەکردن لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆیە ترسی هاوڵتیان زۆربووە.
05-08-2017