ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی #مووسڵ# لە #دەشتی نەینەوا#وە دەستیپێکرد کە پشتێنەیەکی فرە ئێتنیکی و فرەتایفییە و بەلای باکوور و ڕۆژهەڵاتی مووسڵدا درێژ دەبێتەوە. ناوچەی وەکو #قەرەقوش#، تلسقۆف، #تلکێف#، #باشیک# و #بەرتللە# بۆ ماوەی 27 مانگ لەژێر کۆنتڕۆڵی #داعش#دا بوون. حەوت مانگ بەسەر ئازادکردنی ئەو ناوچانەدا تێدەپەڕێ و هەتا ئێستاش بەشێوەیەکی بەرچاو چۆڵن و ناوچەکەش لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق، پێشمەرگە و گرووپە چەکدارەکانی شەبەک و مەسیحیدا دابەشبووە.
مایکڵ نایتس، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن کە لەوبارەوە لێکۆڵینەوەیەکی کردووە، دەڵێت پێویستە هاوپەیمانان هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆئەوەی کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و ئاسایش لەو ناوچانە بگرنەبەر. بەبۆچوونی نایتس، ئەو هەوڵانە مەترسیی شەڕ لەنێوان هێزە جیاوازەکان کەمدەکاتەوە، هاوئاهەنگیی ئەمنی باشتر دەکات، پشتگیری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەکات و بەم جۆرەش ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو ناوچانە خۆشدەکات. نایتس جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئێستا پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا جۆراجۆرەکانی ئەو ناوچەیە باشە، بۆیەش ئەگەر هەوڵەکان پێش هاتنی میلیشیاکان بکەون چانسی سەرکەوتنی دەبێت.
جیاکردنەوەی دەشتی نەینەوا و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کارێکی ئاسان نییە. لەو ناوچانە کوردی ئێزدی، کوردی شەبەک، کاکەیی و عەرەب دەژین. هەرچەندە ڕەوشی دەشتی نەینەوا بۆ خەڵکانی دەرەوە ئارام دیارە، بەڵام ئاماژەکانی ترس و دڵەڕاوکێش دەبینی، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە حەشدی شەعبی وەکو میلیشیایەکی مەزهەبی لە زۆربەی ناوچەکان شوێنی داعشی گرتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی توێژەرەکەی پەیمانگای واشنتن دۆخی ئەمنیی ئێستای دەشتی نەینەوا هەمان دۆخی پێش 2014 یە بە گەورەکراوەیی و بە هەندێک گۆڕانکاریی ناخۆشەوە. ژمارەیەکی زۆر هێزی چەکداری جۆراوجۆر چاودێریی ئەو ناوچە چۆڵە و شارۆچکە چۆڵەکانی دەشتی نەینەوایان بەدەستە.
هێزەکان و شوێنی جێگیربوونیان
- پێشمەرگە و زێرەڤانی کۆنترۆڵی هێڵێکیان بەدەستە کە شارۆچکەکانی تلکێف، باشیک و بەرتللە لەخۆدەگرێ.
- خاڵی پشکنینەکانی سەر ڕێگای مووسڵ و هەولێر، لەژێر دەسەڵاتی فیرقەی 16ی سوپای عێراقدایە.
- پۆلیسی عێراق بەناو بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی دەشتی نەینەوای لەئەستۆیە.
- 1000 چەکداری کەتیبەی بابلیون کە سەر بە حەشدی شەعبین، لە ناوچەکانی باکووری تلکێف جێگیرن. ئەو هێزە لەلایەن ڕایان کلدانی فەرماندەیی دەکرێت و هێزەکە لە بنەڕەتدا لۆکاڵی نییە، بەڵکو لە کوردی شەبەک و عەرەبی شیعەش پێکدێت کە ڕێکخراوی بەدر لە دەرەوەی دەشتی نەینەواوە بۆ ئەو ناوچەیەی گواستوونەتەوە.
- 500 چەکداری مەسیحی سەر بە (یەکەی پاراستنی دەشتی نەینەوا) لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەشتی نەینەوا، لەوانەش قەرەقوش و بەرتللە، خاڵی پشکنینیان داناوە. ئەو هێزانە بەناو سەر بە حەشدی شەعبین، بەڵام بە کردەوە سەربەخۆن.
- 1500 چەکداری هێزی (پاسەوانانی دەشتی نەینەوا) لە ناوچەکانی باکووری دەشتی نەینەوا جێگیرن کە لە باشیکەوە هەتا ئەلقوش لە نزیک دەریاچەی مووسڵ درێژ دەبێتەوە. ئەو هێزانە سەر بە (ئەنجوومەنی شەعبیی کلدانی سریانی ئاشووری)ن کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکن.
- 500 چەکداری (هێزەکانی دەشتی نەینەوا) لە ناوچەکانی باکووری دەشتی نەینەوا جێگیرن. ئەم هێزە سەر بە پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەینە.
- هێزی (قوربانییەکان) سەر بە (پارتی نەتەوەپەرستی ئاشووری) کە لە باکووری دەشتی نەینەوا جێگیرن.
مایکڵ نایتس جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەتا ئێستا هیچ میکانیزمێکی هاوئاهەنگی لە نێوان ئەو هێزانەدا نییە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا ململانێی نێوان ئەو هێزانە سەرهەڵبدات، بە دووریشی نازانێت ململانێکە بگاتە شەڕ و پێکدادان، یان هەر هیچ نەبێت کێشە بۆ ئەو هەوڵانە دروست بکات کە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکدارانی داعش لەو دەشتە دەدرێن.
ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نایتس، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تاقیکردنەوەی قوتابخانەی منداڵەکانیان بوون لە مانگی حوزەیران بۆ ئەوەی بتوانن بیر لە گەڕانەوە بۆ دەشتی نەینەوا بکەنەوە. بەر لە هێرشەکانی داعش لە 2014، ژمارەی دانیشتووانی دەشتی نەینەوا 120 هەزار کەس بووە، ئێستاش 75%ی ئەو ژمارەیە ئاوارەن. ڕاپرسی لە نێو ئاوارە مەسیحییەکان دەریدەخات 41%ی ئاوارەکان دەیانەوێ بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا 3365 ئاوارەی مەسیحیی ئەو ناوچەیە گەڕاونەتەوە ناوچەکەی خۆیان.
گرووپی (یارمەتیدانی کڵێسەکان لە کاتی پێویستدا) مەزەندەی ئەوە دەکەن کە نزیکەی 13 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە دەشتی نەینەوا پێویستیان بە بنیاتنانەوە هەبێت، ئەوەش 200 ملیۆن دۆلاری پێویستە. هەتا ئێستاش تەنیا 232 خانوو چاککراونەتەوە.
هەرچەندە یەکێک لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان وێرانبوونی ناوچەکانیانە، بەڵام لێکۆڵەرەکەی پەیمانگای واشنتن پێیوایە دەبێ متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنرێتەوە کە ئەو هێزە چەکدارانە دەیانپارێزن و شەڕی یەکدی ناکەن.
نایتس جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزی هاوپەیمانان هەتا ئێستاش دەتوانن سەقامگیری و متمانە لە دەشتی نەینەوا بچەسپێنن، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانی ئەو ناوچەیە هێشتا لەڕادەبەدەر خراپ نەبووە. نایتس پێشنیاز دەکات هێزە لۆکاڵەکانی ناوچەکە بەهێز بکرێن، بۆ ئەوەی هێزە دەرەکییەکان دەشتی نەینەوا نەکەن بە مەیدانی شەڕ و ململانێ.
بەبۆچوونی نایتس باشترین سیستەم بۆ پاراستنی ئاسایشی دەشتی نەینەوا ئەوەیە میکانیزمێکی هاوشێوەی میکانیزمی ئەمنیی هاوبەشی ساڵانی 2009 بۆ 2011 دابنرێ کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا، پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە چاودێریی ناوچەکەیان دەکرد. بۆ دوورخستنەوەی کوردی شەبەک لە سوپای بەدریش، مایکڵ نایتس پێشنیاز دەکات پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ڕادەستی ئاسایشی کوردستان، حەشدی لۆکاڵی، سوپا یان پۆلیسی عێراق بکرێ.
05-08-2017