وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەزار و 800 شوقە و پارچە زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەشدەکرێت و بۆ ئەو فەرمانبەرانەشی فۆڕمیان پڕکردۆتەوە لە هەولێر 20 هەزار پارچە زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئابی 2017، هەریەکە لە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد و دواین کارەکانیان بۆ دابەشکردنی زەوی و شوقە ئاشکراکرد.
#نەورۆز مەولود،# وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی کە فۆڕمیان پڕکردۆتەوە بۆ زەوی وەرگرتن وردبینی و پێداچوونەوە لە فۆڕمەکان تەواو بووە و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانە داوە و لە ئێستادا لە شارەکانی هەرێم شوێن دەستنیشان دەکرێت بۆ پێدانی زەوییەکان.
وتیشی سەرەتا لە پارێزگای هەولێر دەستدەکرێت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بۆ ئەمەش 20 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت.
وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کابینەکانی 5 و 6 و 7 دە هەزار پارچە زەوی ماوە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی دابەشکردنی ئەو زەوییانە دواکەوت، بەڵام ئەمانیش لە داهاتوودا پێیاندەدرێت.
هاوکات #مەحمود ساڵح#، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، هەزار و 800 شوقە بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەشدەکرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی لەسەر ئەو شوقانە داوە، بەڵام لە هەندێ شوێن کێشەی نەبوونی شوقە هەیە بۆیە لە بری ئەوە زەویان پێدەدرێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 07-08-2017