08-08-2017
بەیاننامەی نەخێر لە ئێستادا
لە کاتێکدا، بۆ دو ساڵ دەچێت، #پەرلەمانی کوردستان# بە نایاسایی و بەهێزی چەکداری حیزبی، پەکخراوە، 7 ی حوزەیرانی 2017، کۆمەڵێک حیزبی سیاسی، بێ هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی و ئیجماعی نیشتیمانی، ڕۆژی (25 ی ئەیلول) یان بۆ ڕیفراندۆمێکی ناشەرعی دیاریکرد. ئەو کۆمەڵە حیزبە، کە بڕیاری ئەو ڕیفراندۆمەیان داوە، لەبری کۆکردنەوەی هەمو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلەکەمان لە دەوری بابەتێکی نیشتیمانی ئەوتۆ، خەڵکی ئەم وڵاتەیان بە تیژی بۆ دو بەرەی جیاواز و پێچەوانە دابەش کردوە: بەرەی (بەڵێ) و بەرەی (نەخێر)!
لە (7 ی حوزەیران) ەوە، بەرەی (بەڵێ) لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی دەزگا دەوڵەتی و نیشتیمانیەکان و ناوەندە ئیعلامیە زەبەلاحە حیزبی و سێبەرەکان، بانگەشە بۆ ئەم ڕیفراندۆمە ناشەرعیە دەکەن. بەڵام بەرەی (نەخێر) کە جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهێز و فراوانە و هەزاران هاوڵاتی ئاسایی ئەم هەرێمە و چەندان کەسایەتی سیاسی و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و ئەکتیڤیستی کۆمەڵگای مەدەنی بەڕێیان خستوە و پشتیوانی دەکەن، نا فەرمی و پەرت و بڵاوە. ئەو بەرەیە، کە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان و سەروەری یاسا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکرات و دادپەروەر دەکات، لە ئێستادا ئەو ڕیفراندۆمە بە گونجاو نازانێت و بە هەنگاوێکی پێچەوانەی ئەو ئامانجە لە مێژینەی گەلەکەمانی دەزانێت. بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە فراوان و زیندوە، ئێمە ئەمڕۆ بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی (نەخێر لە ئێستادا) ڕادەگەیەنین!
ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، پێمانوایە ئەم ڕیفراندۆمە خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان ناکات. ئەم ڕیفراندۆمە نەک هەر هەنگاوێک نییە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماریی دیموکرات و دادپەروەر، بە پێچەوانەوە، هەڵەیەکی مێژویی ترسناکە بە ئاراستەی لەبار بردنی ئەو ئامانجە و دابەشبون و پەرتبونی زیاتر و ڕاکێشانی گەلەکەمان بۆناو کارەسات و ماڵوێرانی و ململانێی چەکداری و خوێناوی. هەنگاوێکە کە نەک هەر دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دروست ناکات، بەڵکو دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکانیشمان لەدەستدەدات.
بەرەی (بەڵێ) ئەو حیزبانە پێکیانهێناوە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە #هەرێمی کوردستان# بەڕێوە دەبەن و یەکێک لە ناشیرینترین نمونەکانی حوکمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەسەر ئەم گەلەدا سەپاندوە. لە کاتێکدا ئامانجی نزیکی بەرەی بەڵێ داپۆشینی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و شکستە گەورە و ترسناکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانجی ستراتیجی و دوری ئەو بەرەیە، داگیرکردنی ئایندەی ئەم گەلە و ڕفاندنی دۆسێی سەربەخۆیی و بەکارهێنانێتی بۆ بەرژەوەندی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و چەند خێزانێکی سیاسی.
لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بە هەمو پێکهاتە سیاسی و نەژادی و ئاینی و ئاراستە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانەوە، ئێمە جوڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) داوا دەکەین:
یەکەم: بڕیاری ڕیفراندۆمەکەی (25 ی ئەیلول) هەڵوەشێتەوە و تەنها کاتێک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت، کە ڕێکارەکانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت و هەروەها پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان هەمو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان پەسەند کرابێت.
دوەم: ئەگەر بەرەی (بەڵێ) پێداگیری کرد و بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان ڕیفراندۆمەکە ئەنجامدرا، ئێمە داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەکەمان دەکەین کە لەم ڕیفراندۆمەدا بە (نەخێر) دەنگ بدەن.
بەڵێ لەم ڕیفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ستەمکاری و مۆنۆپۆلی دەسەڵات! واتە بەڵێ بۆ بیست و شەش ساڵی دەسەڵاتی کوردی; بیست و شەش ساڵی پڕ لە ستەم و نەبونی ئازادی و بێدادی و گەندەڵی و دزینی سامانی وڵات! بەڵێ، واتە بەڵێ بۆ شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤی کوردستانی! بەڵێ لەم ڕیفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ئایندەیەک کە هاوشێوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردو بێت; ئایندەیەک کە هەمو گەلی ئێمە بکرێن بە کۆیلە و ئامرازی خزمەتکردنی کەڵکەڵە و ئارەزوە ترسناکەکانی چەند خێزانێکی چاوچنۆکی سیاسی!
هەرچەندە، نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ئەزمونی شکستخواردوی حکومەتی هەرێم; حکومەتی کلیپتۆکرات دەسەڵاتی فەرهودچی و میرەکانی جەنگ و بازرگانەکانی سیاسەت! نەخێر، واتە نەخێر بۆ دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار: ئەو دەستەبژێرەی کە سەلماندیان جگە لە کارەسات و نەهامەتی و ماڵوێرانی هیچیتریان پێنیە پێشکەشی ئەم گەلەی بکەن! نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ هەژاری و نەهامەتی و ململانێی چەکداری و شەڕ و کوشتار و خوێن ڕشتن!
ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین کە لە پێناوی ئایندەی نەوەکانمان و پاراستنی نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان لە کارەسات و نەهامەتی، پشتگیری بانگەشەی نەخێر لە ئێستادا بکەن.[1]
ماڵپەڕی NRTTV: 08-08-2017