#بەغداد# بە نووسراوی فەرمی داوای لە #کەرکووک# کردووە نەوت ڕابگرێت، ئەو نەوتەی بەرهەمیش هاتوون دووبارە بخرێنەوە ناو کێڵگەکان، لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت بەغدا نەوتی کەرکووک وەک کارتی گوشار بەکاردێنێت.
رۆژی یەکشەممە بۆ ماوەی چوار کاژێر هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی باباگوڕگور، جەمبور و خەبازە ڕاگیران، بەڵام کێڵگەکانی هاڤاناو بای حەسەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات پابەندی بڕیارەکەی بەغدا نەبوونە.
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، بڕیارەکە سیاسییە و بەغدا بۆ ئەوەی نیشانی بدات دەسەڵاتی بەسەر پارێزگاکەدا هەیە ئەو بڕیارەی داوە.
یوسف شوانی، ئەندازیار لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند هەناردەکردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕاگیرا، هۆیەکەی ئەوەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نەگیشتنە ڕێککەوتن لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی ئەو داهات و بڕەی کە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
کێڵگەکانی هاڤانا و بای حەسەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەر پەرشتی دەکات پابەندی بڕیارەکەی بەغدا نەبوونە، بەپێی بەدوا داچوونەکانی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بێت، بەغدا تەنیا بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان و سەلماندنی ئەوەی هێشتا خاوەنی ئەو کێڵگانەیە و تواناو دەسەڵاتی بەسەریانەوەیە، بڕیارەکەی دەرکردووە، گەرنا هیچ کێشەو گرفتێک لەو کێڵگانە دروست نەبوونە.
#فوئاد حوسێن#، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت خواستی عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک زۆر کەمبووەتەوە و ئێستا پشتی بە نەوتی بەسرا بەستووە، چونکە داهاتی نەوتی بەسرا لە 87%ی داهاتی عێراق دابین دەکات، بەڵام نەوتی کەرکووک تەنیا لە 17%ی داهاتی عێراق دابین دەکا، بۆیە ئەو ڕاگرتنی نەوتە تەنیا وەک کارتی گوشار لەدژی هەرێمی کوردستان بەکاری دێنێت.
رۆژانە 160 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی ژێر دەستی کۆمپانیای نەوتی باکوور بەرهەم دەهێنرێن، بەرهەمی نەوتی ئەو کیڵگانە بەم شێوەیە دابەشدەبن، 40 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەی کەرکووک، 40 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی کەڵەک 20 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی بازیان، 10 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی دۆره، تەنیا 50 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەویش داهاتەکەی نیوەی بۆ هەولێرە و نیوەشی بۆ بەغداد.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 08-08-2017