ڕۆژنیوز، دانا عومەر
ژنانی نێو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین لە ڕۆڵ و ژمارەیان لەنێو سەرکردایەتی پارتە سیایەکاندا و ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئەگەر ڕۆڵی ژنان زیاتر بوایە سیاسەت ئەو زبرییەی ئێستای نەدەبوو، چالاکوانێکی ژنانیش ڕەخنە لە ژنە سیاسەتمەدارکان دەگرێت و دەڵێت: خۆیان لە عەقڵیەتی پیاو سالاریی ڕزگار نەکردووە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وە و دروستبوونی حکومڕانییەکی کوردیی لە باشوری کوردستاندا، ژنان ئازادانەتر لە کایە سیاسیەکاندا کاریان کردووە، هەندێک لەو ژنانە گەشتوونەتە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبە ئیسلامی و عیلمانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا شرۆڤەی ڕۆڵ و ژمارەی ژنان دەکەین لەنێو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی هەر پێنج حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا کە بریتین لە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان).
لەنێو یەکێتی-دا لەکۆی 52 ئەندامی سەرکردایەتی 9 ژن هەیە، کە دەکاتە ڕێژەی 17%، لەنێو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا لە لەکۆی 35 ئەندامی سەرکردایەتی 9 ژنیان تێدایە، کە پێنجیان بەدەنگی خۆیان ڕۆشتوون و 4 یان بەکۆتا، بۆ ئەوەی ڕێژەی 25% تەواوکەن کە لەپەیڕەوی یەکگرتووی ئیسلامیدا هەیە، لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیدا لەکۆی 37 کەس چوار ژنی تێدایە، کە دەکاتە ڕێژەی 10%، لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان-دا لەکۆی 65 ئەندامی جڤاتی گشتی نۆ ژن هەن، کە دەکاتە 13%، هەروەها لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، لەکۆی 60 ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە شەش ئەندامی ژنی تێدایە، کە دەکاتە 10%.
هەموو ئەو ڕێژانە ئەوە دەردەخەن لەنێو هیچ کام لە پارتە عیلمانی و ئیسلامیەکاندا ڕێژەی ژنان نەگەشتۆتە %30، ئەمە بێجگە لەوەی تاوەکو ئێستا هیچ پارتێک لە هەرێمی کوردستاندا لەلایەن ژنەوە سەرۆکایەتی ناکرێت، بەپێی ئەو ئامارانەی کە شیکارییمان بۆ کردووە، زۆرترین ڕێژەی ژن لە سەرکردایەتی حزبەکاندا لەناو یەکگرتووی ئیسلامیدایە کە ڕێژەکەی 25%، وە کەمترین ڕێژەش لەناو سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان،دایە کە ڕێژەی 10%.
ناسک قادر، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی جێەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە سیاسەتکردندا وتی:ئاستەنگ زۆرە لەبەردەم ژناندا بۆ سیاسەت کردن، بەڵام لەناو یەکگرتوودا دەرفەت زیاتر بووە بۆ ژنان.
ناسک، وتیشی:لە هەرێمی کوردستاندا کلتورێکی کەڵەکەبووی پیاو سالاریی هەیە، بڕوایەکی وا هەیە کە تەنها پیاو دەتوانێت سیاسەت بکات، وە هێز و پارە لای پیاوە، لەناو یەکگرتووشدا زۆرترین سیاسەتەکان پیاو دەیکات، چونکە ژمارەی ژنان کەمە، کە ژمارەش کەم بوو زۆرترین گفتوگۆکان پیاو دەیکەن، وە ئەوان دەرفەتی پێکەوەبوونیان زۆرترە،.
هەروەها، وتیشی:ئەو کەلتوورە پیاو سالارییە وای کردووە، کە سەردان و شاندەکان تەنها لە پیاوان پێک دێن، کاتێکیش ئێمە دەچینە ناو شاندێکەوە دەبینین شاندەکەی بەرامبەر هەر پیاون، بیر لەوە دەکەینەوە ئێمەش پێویست نییە لەوێبین دەڵێین خەریکی کارێکی تربین باشترە.
ناسک قادر، ڕەخنەی لە حزبە عیلمانییەکان گرت و وتی: ئەگەر بەشداری ژنان بێتە کەلتور، بەتایبەت لەلای لایەنە عەلمانیەکان کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن داکۆکی لەمافی ژن دەکەن و هەوڵدەدەن باڵانسی جێندەریی ڕاگرن، تەمەنام دەکرد ئەوان پێشەنگ بوونایە، چونکە زۆرینەی بنکەی جەماوەری و دەسەڵات لای سێ لایەنی عیلمانییە، ئەگەر ئەوان ڕۆڵیان بدایەتە ژنان لە سیاسەتکردندا ئەوا کەشێکی گشتی بۆ بەشداربوونی ژنان دروست دەبوو، ئەوکات سیاسەت ئەو ڕەقیەی ئێستا نەدەبوو، بڕیارەکانیش دروستتر و ئاشتییخوازانەتر دەبوون.
لەبارەی ئەوەی ئەوان ڕازین لە ڕێژەیان لەناو سەرکردایەتی یەکگرتوودا، ناسک وتی: ئێمە ڕازین لە ڕێژەمان، بەڵام ڕازی نین لە ڕۆڵمان، دەمانەوێت بەشداریمان زیاتر بێت لەسەردانەکان و شاندەکاندا، ئەمەش تەنها بە یەکگرتوو ناکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە ژن توانای پێشەنگایەتی هەیە و بۆ ئەمەش ژنانی ڕۆژئاوای بە نمونە هێنایەوە و وتی: یەکێک لەهەرە کارە جوانەکان کەبووە شانازییەک بۆ هەموو جیهان ئەوەبوو، کە ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشانی دا، من پێموایە پەکەکە یەکێکە لەولایەنە سیاسیانەی کە ژن و پیاو وەک یەک لەشاخ خەباتیان کردووە، بۆیە دەبێت سیستمی هاوسەرۆکی هەبێت.
هەروەها، نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی هەمان پرسەوە بە ڕۆژنیوزی وت:ڕازیی نین لەو ڕێژەیەی هەمانە لەناو جڤاتی گشتیدا، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ژنی زۆر بەتوانا و کارامەمان هەیە، بەڵام لەبوارە جیاجیاکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دابەش بوون.
لەبارەی نەبوونی ژن لە خانەی ڕاپەڕاندی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ناوبراو وتی: باشتر بوو وە خۆشتریش بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کە ژنێک لە خانەی ڕاپەڕاندندا هەبوایە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی قورس بوو، لەماوەی دوو مانگ دوای کۆچی کاک نەوشیروان ئێمە توانیمان ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرین، لەم قۆناغەدا سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەلامانەوە گرنگ بوو.
نەسرن جەمال، وتیشی:دەبێت خۆڕاگڕبێت بەردەوام بێت و بەسەر بەربەستەکاندا سەرکەوێت، ئەو ژنانەی کە لەئاستەکانی خوارەوە سەرکەوتوون بۆ ئاستەکانی سەرەوە لە سیاسەتدا بەربەستەکانیان شکاندووە.
لەبارەی ئەو ڕەخنەیەی کە لەلایەن لایەنە ئیسلامیەکانەوە لێیان دەگیرێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی کەمیان بەژن داوە، نەسرین وتی: ڕەخنەکەیان بەجێیە، بە دڵنیاییەوە ئەو شاندانەی کە سەردان دەکەن، ئەگەر ژنیان تێدا بێت، شاندێکی جوانتر و کامڵتر دەبێت، ناکرێت تۆ باوەڕت بە یەکسانی جێندەریی هەبێت لە شاند و دانوستان و سەردانەکاندا ژنی تێدا نەبێت، هەمیشە ژن کۆتری ئاشتی بووە، بەردەوام ژن نەرمونیان تر بووە.
شەهێن محەمەد حەسەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک)، بۆچوونی خۆی لەبارەی بەشداری ژن لە بڕیار و چالاکییە سیاسیەکاندا دەربڕی و بە ڕۆژنیوزی وت: ژن لەناو سیاسەتدا پێویستە ڕۆڵی گرنگیی هەبێت، چونکە وەک چۆن سیاسەت و کۆمەڵگا دوو شتی لێک دانەبڕاون، ژن و سیاسەتیش دوو شتی لێکدانەبڕاون، بەڵام بەداخەوە لەدوای 25 ساڵ حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا ژنان نەیانتوانیوە ڕۆڵی کرنگ ببینن لە سیاسەتدا.
شەهێن، وتیشی: ئەو سیاسەتەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت بەدەر نییە لەو سیاسەتە پیاو سالاریەی، کە لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، ژنانیش لە چواچێوەی عەقڵیەتی پیاو سالارییدا کاریان کردووە و نەیاتوانیوە بەشێوەیەکی بەرچاو خۆیان لەو عەقڵیەتە داببڕن.
ناوبراو، ڕەخنەی لە ژنانی سیاسەتمەدار گرت و وتی:ئەگەر ژنان بیانتوانیایە لەناو سیاسەتدا ڕۆڵیان هەبێت، دۆخی سیاسەت لە باشووری کوردستاندا بەم دۆخە خراپە نەدەگەشت، بەڵام ژنان نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕن، وەک دەشبینرێت ژنان بەو قەدەرەی خۆیان ڕازین و لە دۆخێکی قەدەرگەراییدا دەژین، لە کاتێکدا ژن خاوەنی توانای گەورەیە و دەبوایە هەڵوێستاین وەرگرتایە.
09-08-2017