#عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
کاروانی بێ کۆتایی یاداشت و بیرەوەریی مامۆستا (مەحمودی مەلا عیززەت)، کتێبێکی قەبارە مام ناوەندیی(440) لاپەڕەیییە، بە تیراژی (650) دانە، چاپی یەکەم...لە ساڵی2000 لە بڵاوکراوەکانی (زنجیرە کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم).
هاوینی ساڵی 2000 لەگەڵ کاک بەختیاری مەلاعیزەت پێکەوە دانیشتبوین لەخانوەکەی مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت لە گردەکەی سەرچنار، ئه و یاداشتەی نیشاندام، تازە مامۆستا مەحمود لە سویدەوە بە تایپکراوی ناردبووی بۆ دەزگای سەردەم بۆ چاپکردن.
لاپەڕەی یەکەمی یاداشتەکەم واڵاکرد، لەناو زنجیرەی ڕوداوەکاندا بە جۆرێک توشی تێڕامان بووم، لە نێو دیمەنی هەڵوێست و تراژیدیای چیرۆکەکاندا ون بووم.
یەکەمجار بوو یاداشتی وا نایاب و وا کاریگەر بخوێنمەوە، بە جۆرێک نوقمی بێ دەنگی کردم، لە دنیای ژوورەکە دابڕام،بە زمان و تەکنیکێکی سادە..... ڕووداوەکانی تۆمارکرد بوو، پڕبوو لە وردەکاری قوڵی هونەریی، لە ناو ڕووداوەکان دا دەیان هەڵوێستی پڕ لەجەربەزەیی لۆژیکانەم بینی...خۆشەویستی بێ سنوور بۆ... خاک...زمان....کلتوور....پڕ بوون لە وەفا...میهرەبانی.... تەحەدایەکی جوامێرانە.....بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ...بە سەنگ و بڕوای متمانەی کەسێتی یەکی داڕێژراو..... قاڵ بووی ناو مەرگەساتەکانی ژیان.
نووسەر بە ڕۆحێکی زۆر ڕاستگۆیانە..... بە پاکی ودوور لە نمایش، دوور لە پیاهەڵدان.... دەربار....هەموو ڕووداوەکانی هەست و نەستی ناخی پەنگ خواردوی، لە منداڵییەوە.....تەواوی وێستگە جیا جیاکانی تەمەنی تۆمارکردوە. وشه و ڕستە وپەلگرافەکانی هەمووی وەک وێنەی فۆتۆگراف......وەک سیناریۆی گرتەی فیلمی سینەما خستووەتە ڕوو.
نوسەر لەیاداشتەکەیدا وەک پسپۆرێکی بواری مێژوو، چەندان ڕووداوی مێژوویی گرنگی میللەتەکەمانی،بە سەلیقتەکی وردەوە تێکەڵ کێشی بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆی و هاورێکانی و دەوروبەرەکەی کردووە، کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین یش لەیاداشتەکانی دا(لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناو زەنگ........ پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن) هەمان پسپۆری و تەکنیکی نوێی یاداشتی بەکارهێناوە، ڕووداوە مێژوەکان جارێکی تر بەرجەستە کراونەتەوە بۆ نەوەی ئێستاو ئایندە، بۆ ئەوەی پرسیار... لە لایان سەرهەڵبدات و خۆیان بە عەشقەوە بە دوای کتێبە مێژووییەکان دا بگەڕین و بیخوێننەوە،وەڵامی پرسیارە پەنگ خواردوەکانی ناخیان چنگ بکەوێت...جارێکی تر پرسیاری تر لەلایان سەر هەڵبداتەوە... ئەم هونەرە بەهای یاداشتەکەی بە پێزتر ونایاب ترو باڵاتر کردووە.
نوسەر بۆ تۆمارکردنی یاداشتەکەی توانیویەتی سوود لە تەکنیکی هونەری (چیرۆک نوسین....،رۆمان.... سیناریوی فیلم) وەربگرێت. لە ناودیمەنەکان دا چەندان پاڵەوانی جیا جیا.....لە جوغرافیای جیا دەبینین، ئەم جۆرە تەکنیکە هونەرییە لەم یاداشتەدا....دوور لە فەنتازیا، ئه و واقعە تاڵ و مەرگەسا تانەیە کە نووسەر لە خەڵوەتی یاداشتەکەی ژیانی دا دایهێناوە،لە یاداشتەکانی پێشتردا نین، ئەمە بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت لە بواری تۆمارکردنی یاداشتی کوردا، وا لە خوێنەر دەکات لە یەکەم پەرەوە تا دوالاپەرە بە پەرۆشەوە، تێکەڵ بە بە ڕۆحی درامای یاداشتەکە ببێت..
دوای هەرەس مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت نەفی کرا بۆ شاری ڕومادی،رۆژێک لە پۆل دا وانەی دەوتەوە.عەلی لێپرسراوی یەکێتی قوتابیانی حیزبی بەعس لە وانەکەی دوادەکەوێت..... بێ ئەوەی لە دەرگا بدات،داوای مۆڵەت لە مامۆستا بکات، زۆر لە خۆڕازی بونەوە خۆی دەکات بە پۆل داو دادەنیشێت، مامۆستا مەحمود بە توندی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات...... دەیکاتە دەرەوەی پۆل،ئەویش هانا بۆ بەڕێوەبەر دەبات، بەرێوەبەریش داوا لەمامۆستا دەکات، بیکاتە ژوورەوە،مامۆستا هەموو داواکارییەکان و بیانوەکانی بەڕێوەبەر ڕەتدەکاتەوە،بەڕێوەبەر بە سنگ دەرپەڕاندن و لە خۆباییبوونەوە بە عەلی دەڵێت بڕۆ پۆلەوە، هەر کە عەلی لە پۆلدا دادەنیشێت، مامۆستا مەحمود ڕوودەکاتە بەڕێوەبەرو دەڵێ :فەرموو جەنابی بەڕێوەبەر تۆ وانەکەیان بۆ تەواو بکە.
مامۆستا مەحمود دوو ساڵ و نیوو لە ڕوماد ی بە نەفی کراوەیی مایەوە،هاوسەرو منداڵەکانی لە سلێمانی دەبن،دوای سەرهەڵدانی مەفرەزە سەرەتاییەکان،فازیل بەراک بەڕێوەبەری ئەمنی عامە، ناردی بەشوێنیدا، چەند داواکارییەکی خستە بەردەم مامۆستا، بەڵام هەمووی ڕەتکردەوە.
چەند ڕۆژێک بوو نەشتەرگەری گورچیلە بۆ مامۆستا مەحمود کرابوو،شەوێک ملازم موحسین و چەکدارەکانی. بە پەیژە خۆیان دەگەیه ننە حەوشەی ماڵی مامۆستا....کۆڵان....سەربان....هەموی دەگرن، ملازم محسین بە پەڕۆیەک هەردوو چاوی مامۆستا مەحمود دەبەستێت راپێچی ناو ئوتۆمۆێلە کەی دەکات.....ئه و شەوە لە چەند ماڵ و گەرەکی تر زۆر کەسی تر دەسگیر کران، هەموویان بران بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی، بەیانیەکەی ناویان خوێندنەوە،پەرۆکەی سەرچای مامۆستا تۆزێک جوڵا ئەمجا زانی ئەوە ناوەندی(وەتەن و کانێسکان) ە، نۆ ساڵ لێرە بەڕێوەبەر بوو، بۆ ڕۆژی دوایی دوو دوو.... زیندانییەکانیان کەلەپچەکردو چاویان بەسترایەوە بە ئوتۆمۆبیلی تایبەتی بە برسێتی و تینوێتی گوێزرانەوە بۆ شارێکی تر، هەر 23 زیندانەکەیان خزاندە ژورێکەوە،دواتر برانە ژووری ژمارە (1)، لەوێ زانیان (هەیئەی تەحقیقی خاسە) یە، زیندانێکی سەربازی و نهێنی حیزبی بەعس بوولە کەرکووک.
دوای چەند ڕۆژێک بە پێی بەرنامەی هەیئەی تەحقیقی کەرکووک... زیندانییەکانیان یەک یەک بانگ کرد بۆلێکۆڵینەوەی ئەشکەنجەی جەسەتەیی و دەرونی بۆ ئەوەی تێکیان بشکێنن....نهێنییەکانیان پێ بدرکێنن.
(عومەر عەزیز محەمەد، محەمەد ڕەحیم عەبدولرەحمان،محەمەد سەعید ساڵح، دلیر مستەفا، کەمال عەلی، شێخ عە بدول شێخ ساڵح، جەمیل،حەسەن حسێن، دارا، حەمە سەعید غەدۆ،حیکمەتی عەبە پاشا،عوسمان قادر محەمەد، مەحمودی مەلا عیزەت)
مەحمودی مەلا عیزەت یان برد بۆ لێکۆڵینەوه و ئەشکەنجەدان، بە پرسیار دایانگرتەوە.......وەڵامی هەموو پرسیارەکان....(هیچ.نازانم)
دوو جەلاد لاقیان بەرزکردەوە، بەستیان، جەڕانیان، بە کێبڵ بنە پێیان داگرتەوە، هەموو ناخی پڕ بوو لە ورەیەکی بەرز کە دەبێت بەهەموو تواناییەکییەوە بەرامبەر هەموو ئەشکەنجەکانیان...... خۆی ڕابگرێت...... بەیەک گورچییلەوە.....بێ دەرمان، بەئیلتیهابێکی زۆرەوە.....لێدانەکەیان توند تر کرد هاواری لێ هەستا، جەستەی لە بەرشاڵاوی توندی ئەشکەنجەکەدا خاو بوەوە...لە هۆش خۆی چوو.....ئاوی ساردیان بە سەردا کرد....کاتێ بە ئاگا هاتەوە، کارەبایان لە قورگییەوە بۆ کەلەکەی.... بەسەر ئەندامە ناسکەکانی جەستەیی دا دەهێنا.
لە ناکاو گوێ لە دەنگێکی بەرزبوو، گەیاندیانە بەردەم موقەدەم عامر موسڵای سەرۆکی هەیئە، ئەمیش بە قسەی نەرم...دواتر بە هەڕەشە و سیناریۆی جیا جیا دەیویست تالی داوی نهێنیەکی چنگ بکەوێت و لەوێوە بەرنامەی کارەکانی هەڵسوڕێنێت بۆ ئەوەی نهێنییەکانی پێ بدرکێنێت.
لە وەڵام دا....مامۆستا هەر دەیگوت : نازانم. هەموو جەلادەکانی توشی هیستریاکرد، لە تاوسوێی ئازارەکانی جەستەی کەوتبوو، جەلادێکیان دارەکەی لەپشتی گیر کرد وتی : هەستە لە سسەر زەوییەکە،بەشەلەشەل بەپاڵ بردیان. لە ناکاو یەک لەقەی توندیان لێدا، کەوتەوەسەرزەوی، هەستایەوە، کردیانەوە بە ژوورەکەی دا. هەموو زیندانییەکان لێ کۆبوونەوە. مامستا مەحمود زانی (قالە) جاسوسه و بۆ ئەوە هێناویانەتە ناو زیندانییەکان زانیاری کۆبکاتەوەو... بیگەیەنێتە جەلادەکان، وتی (زۆر سەیرە ئەمانە بۆ وا دەکەن...گەرسیاسەتم بکردایە... پێم ناخۆش نەدەبوو، من هیچم نەکردوە، بۆ وام لێ دەکەن)
دواتر مامۆستامەحمود قەرەداغی و مەغد ید کوێخا عەبدوڵڵاو سەرداری حاجی قادر یان هێنایە ژووری ژمارە (1)، ژمارەیان بوو بە (28) زیندانی.
نوسەر زۆر بە وردی باسی ئەشکەنجەی هاورێ زیندانییەکانی و ڕوداوەکانی ناو هەیئەی کردوە کە هەموی بە بەرنامه و پلانی ورد بووە بۆ ئەوەی پەی ببەن بە تاڵە داوێکی نهێنی زنجیرەی ڕێکخستنەکانی ناو شار و دوای سەرهەڵدانی مەفرەزە سەرەتاییەکان...... باسی جەللادەکان دەکات چۆن ئەشکەنجەی بێ سنوور دڕندانەی مامۆستا مەحمود قەرەداغی یان داوە، هەموو جارەکان بە عە مود ێکەوە بەستەویانەتەوه.....لە بەردەم ژوورەکەیان دا ... بۆ ئەوی لایەنی دەرونی زیندانییەکانی تر بڕوخێنن....... بەڵام مامۆستا مەحمود قەرەداخی ئەشکەنجه و جەللادەکانی بە جۆرێک تێک شکاند، ئەوان هەستیان بەلاوازی و بێ دەسەڵاتی دەکرد :
-جەلادەکان لە کاتی ئەشکەنجە داندا لە ناو خۆیان دا دەیانگوت (بۆیە ئیعتراف ناکات، لەزەت لە ئەشکەنجە دان وەردەگریت).
لەدوا لێکۆڵینەوەدا.....رەئیسی هەیئەی کەرکووک، هەموو پرسیاری لێکۆڵینەوەکانی کاتی ئەشکەنجەدانی ڕووبەرووی مامۆستا مەحمود کردەوە، چەند پرسیارێکی نوێ تیا بوو، دیاربوو زانیاری تازەیان پێ گەیشتبوو:
ناوت چی یە:
مەحمود
ناوی باوکت و باپیرت:
مەلا عیزەت مەحمود
کارت چییە:
مودەڕیس
لە کوێ:
لەسانەوی ئەزمڕ
رەئیس زوو زوو...لاپەڕەکانی فایلەکەی هەڵدەدایەوە، پڕ بوو لە ڕاپۆرت و زانیاری ئەمنی سلێمانی...... لە یەکەم لێکۆ ڵینەوە وە تا دوا لێکۆڵینەوە.... وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت....... (بەڵێ.....نازانم.......ئاگادارنیم) بوو.
لە دوا لێکۆڵینەوەدا..... ئەم جارەیان ڕەئیسی هەیئە،وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مامۆستای وەک خۆی دەوتەوەو.... ئەمنێکیش، هەمووی دەنوسییەوە.....
دواجار پێ یان وت : دەستت بێنە (پەنجە گەورەی دەستی چەپیان گرت، بە قوماشێکی مەرەکەباوی دا هێنایان،دوا کاغەزی ناو فایلەکەیان پێ مۆر کرد.
دوای ماوەیەک.... چاوی هەر 26 زیندانییەکەیان بەست،دوو..دوو کەلەپچەیان کردنە دەست، خزێنرانە ئۆتۆمبێلی تایبەتی و گوێزرانەوە، نەیاندەزانی بۆ کوێیان دەبەن،چارەنوسی یان بەره و کوێ دەبرێت، نزیکەی 3 کاتژمێر بە ڕێگاوە بوون.....گەیشتنە شوێنێک زۆر گەرم بوو، ئوتۆمۆبیلەکە وەستا دایان بەزاندن.....بە جنێو زلە و شەق پێشوازیان لێ کردن.....هەموویان بردنە بەردەم
عەقید تارق ا لعزاوی - معاونی مدیری ئەمنی عامە، بۆ کاروباری سیاسی
ئەبو نەسر –مدیری شوعبەی سێ(ئەم شوعبەیە تایبەت بوو بە کورد وشۆڕشی کوردستان)
نەقیب خەلەف – معاونی شوعبەی سێ.
چەند ئەمنێکی تر بە جلی سڤیلەوە لە پشت ئەما نەوه وەستابوون،سەیری زیندانییەکانیان دەکرد.
عەقید تارق ڕووی کردە هەر 26 زیندانییەکە و وتی:
(دەزانن، چی لە ئێوە دەکەین)...............
لە قسەکردن......... وەستا......زیندانییەکان هەموو بێ دەنگ بوون
(ئێوە بۆ ئەوە نەگیران، لێرە بتان بینینەوە......ئێستا لە ژیان دابن، ئێوە بۆیە گیران....بێ لێکۆڵینەوە و دادگایی کردن.....بکوژرێن)
(بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، کە ئەوە نەکرا،چونکە لە لێکۆڵینەوە دا بۆمان دەرکەوت،ئێوە هاوڵاتی باشن و بێ زیانن، بۆیە سەرکردایەتی حیزب و شۆڕش ئێوەی عەفوکرد...ئێستا ئێوە میوانی سەرکردایەتین، ماوەیەک لامان دەمێننەوە، دواتر ئازاد دەکرێن،ئێستا ئێوە ئازادن،ئێوە لە سەفەرێکی دوورو درێژەوە هاتوون......،ئێستا برسیتانە.....چی دەخۆن)
عەقید تارق سەیری ڕوخساریی هەموو زیندانییەکانی کرد.....هیچیان نەوت
لە ناکاو گوێ لە دەنگێک بوو وتی : ئێمە زۆر تینیوو.... برسین، هەرچی یەک بێت دەیخۆین، وەک خواردنی زیندانییەکان.
عەقید سەیرێکی.هەموویانی کردو وتی : ئێوە زیندانی نیین...... میوانن.
له و کاتە یەکێک لە زیدانییەکان ڕووی کردە مامۆستا مەحمود و وتی : بڵێ مریشک دەخۆین.
عەقید بە مامۆستای وت : ئەوە دەڵێ چی.
دەڵێت مریشک دەخۆین.
دوای تاوێک مریشکی برژاویان بۆ هێنان.
ئەم میواندارییە بۆ سڕینەوەی کاریگەری ئه و هەموو ئەشکەنجە جەسەدی و دەرونیانە بوو، کە لە ڕوخسارو هەڵسوکەوتی هەموویان دا دەرکی پێ دەکرا.
کاتژمێر دووی شەوی 18-06-1981، هەر 26 زیندانییەکانیان بە سەر دوو پاسدا دابەش کرد، دوای 8 مانگ لە دۆزەخی مەرگەوە ئازاد کران....7ی بەیانی گەیشتنە کەرکووک.....نان و کەبایان دەخوارد...... هەواڵی کوشتنی (قالە) ی جاسوسی هەیئەیان پێ گەیشت.....پاسەکان ڕێگای سلێمانیان گرتەبەر.....گەیشتنە....باخی بەختیاری...پردەکەی قلیاسان...دووڕیانەکەی سەرچنار...شەقامی سالم....ئەمنی سلێمانی......پاسەکان لە بەردەم بینای حەسیب ساڵح دا وەستان.....ماڵئاواییان لە یەکتر کرد...بەخانەواده و کەس و کارو خەڵکی شارەکەیان شادبوونەوە.
دواجار مامۆستا مەحمود بڕیاری دا لە گەڵ خانەوادەکەی دا ڕوو بکەنە هەندەران
سەرلەبەیانی 13-08-1981 گەلاوێژ خانی هاوسەری و هەر 5 منداڵەکەی ڕوو بکەنە قەڵادزێ و......لەوێوە لەگەڵ نەسرین خان بگەنە ناوزەنگ.
مامۆستا مەحمود، هەر ئه و ڕۆژە لە سلێمانی ڕووی کردە لای کوێخا حسەین-ی هەناران. ئەویش کاک بورهانی کوڕی لەگەڵ دا نارد...... ڕێگای ناوزەنگ – یان گرتە بەر.....دوای ماندووبونێکی زۆر کە گەیشتە تەختایەکەی سەرەوە......کاک نەوشیروان و کاک شازاد سائیب و کاک فەرەیدون پێشوازیان لێ کرد.
دواتر شه و و ڕۆژێکیش لای مام جەلال مایەوە لە توژەڵە، مام جەلال باسی ئەوەی کرد مامۆستا مەحمود ئیش و کاری شۆڕش وەربگرێت، مامۆستاش وتی : با ئەوان بگەیەنمە سوید.....دەگەڕێمەوە.
مام جەلال وتی :راپۆرتێکی دوورو درێژ لە سەر هەیئەی کەرکووک بنووسە بۆ(رێکخراوی ئەمنستی).
لە 10-10-1981 شێخ محەمەدی سەرگەڵو و کاک بەختیاری مەلا عیزەت، مامۆستا مەحمود و خانەوادەکەیان لە فڕۆکەخانەی تارانەوە بەرێ کرد بۆ شام. دەمه و بەیانی 22-10-1981 لە فڕۆکانەی شامەوە گەیشتنە ستۆکهۆڵم.