لەماوەی ڕابردوودا چەندین خانمی باڵاپۆش بەهۆی قووتدانی دەرزیی بەستنی لەچک (دەمبووس) گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی نەشتەرگەری لە #سلێمانی#، لەوێ بە ڕێگای جیاواز دەرزییەکان لە سییەکانیان دەرهێنراوە، بەڵام یەکێکیان گیانی دەرچوو.
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ لە سلێمانی، سەرنجی خستووەتە سەر گرفتێکی خانمانی باڵاپۆش، ئەویش قووتدانی دەرزیی لەچکبەستنە بە ڕێکەوت. توێژینەوەکە لەلایەن سێ پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆڕییەکانی خوێن: (د.ئارام بارام، د.فەهمی حوسێن کاکەمەد و د.دیلان ئەحمەد بەکر) کراوە و کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ لە جۆرناڵێکی زانستیی نێودەوڵەتی بەناوی (Journal of International Medical Research) بڵاوکراوەتەوە.
ئەنجامدەری سەرەکیی نەشتەرگەرییەکان، پرۆسەکانی دەرهێنانەوەی دەرزییەکان و بەدواداچوونی باری تەندروستیی نەخۆشەکان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئارام بارام بووە. بەڵام هەر سێ توێژەرەکە د.فەهمی حوسێن کاکەمەدیان سەرپشک کردووە لەبارەی توێژینەوەکە بۆ میدیا بدوێ. توێژەرەکان ناوی (کۆنیشانەی حیجاب) بە ناوێکی گونجاو دەزانن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم حاڵەتە.
د.حوسێن فەهمی کاکەمەد، بە (رووداو)ی گوت: مەبەستمانە بەهۆی ئەم ناوەوە ئاسانتر پەیامەکە بگاتە خانمانی باڵاپۆش و هۆشیاریان بکەینەوە سەبارەت بەو گرفتە، بەهیچ جۆرێک پاڵنەری ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە پشت ئەم ناوەوە نییە، نەمانویستووە تانە لە پۆشاکی هیچ کەسێک بدەین.
وەک لە توێژینەوەکەدا هاتووە، لە ماوەی ساڵ و نیوێکی توێژینەوەکەدا 27 خانمی باڵاپۆش بەهۆی قووتدانی دەمبووس هێنراونەتە بەشی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆڕییەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی فێرکاری و بەمجۆرە چارەسەر کراون: بە نازووری نەرم (لەگەڵ بەنجی لۆکاڵی) 12 یان ڕزگارکراون و دەرزی لە سییەکانیان دەرهێنراوە. بە نازووری ڕەق (لەگەڵ بەنجی گشتی) 12 کەس ڕزگارکراون و دەرزی لە سییەکانیان دەرهێنراوە، بەڵام یەکێکیان نەتوانرا ڕزگار بکرێ و گیانی سپارد. هەروەها دوو کەسیش بە ناچاری نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگیان بۆ کراوە بۆ دەرهێنانی دەرزییەکان.
د.فەهمی دەڵێ بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەوان، لە سلێمانی هەر 20 ڕۆژ جارێک خانمێکی باڵاپۆش دەمبووسێک بە ڕێکەوت قووتدەدات ئەگەر هەموو وڵاتانی ئیسلامی هەژمار بکەین، ئەوە ڕۆژانە 46 خانم دەمبووس قووتدەدەن.
توێژینەوەکە ڕوونیکردووەتەوە هیچکام لەو 27 حاڵەتەی توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە، تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتر نەبووە، تێکڕای تەمەنی هەموویان 15 ساڵان بووە. پزیشکە توێژەرەکە دەڵێ ئەمە ئاماژەیەکی سەرنجڕاکێشە زۆربەی حاڵەتەکان ئەوانەن کە تازە لەچک دەپۆشن، بۆیە گرنگە ئەو کەسەی دەست بە بەکارهێنانی لەچک دەکات هۆشیار بکرێتەوە لەبارەی ئەم گرفتە.
وەکوو پزیشکە توێژەرەکان تێبینییان کردووە، ڕاددەی ڕوودانی ئەم حاڵەتە لەنێو باڵاپۆشانی کوردستان، نزیکە لەوەی لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی هەیە.
سەرەتایەکی هاوشێوە
ئەو خانمانەی ڕوویان لە سەنتەرەکە کردووە و بەشداریی توێژینەوەکەیان کردووە، بە وردی مێژووی نەخۆشییەکەیان لێ وەرگیراوە. نزیکەی هەموو خانمەکان کاتێک دەرزییەکانیان قووتداوە، خەریکی بەستنی لەچک بوون و دەرزییەکانیان لەنێو دەمیان ئامادە کردووە، لەوکاتەدا بەهۆی پێکەنین، کۆکە یان قسەکردنەوە دەرزییەکان پەڕیونەتە قوڕگیان و پاشان سییەکانیان.
زۆربەشیان کاتێک سەردانی پزیشکیان کردووە کە بەهۆی حاڵەتەکەوە تووشی هەناسەتوندی یان کۆکەی درێژخایەن بوون. چارەسەرەکەش بە دەرهێنانەوەی دەرزییەکە بووە بە هەناوبین (نازوور) یان نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ.
د.فەهمی دەڵێت: ئەگەر دەرزییەکە دەرنەهێنرێ، ئەوە کەسەکە تووشی هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان دەکات، پشتگوێستنی بەردەوامیشی بەرەو پەککەوتنی هەناسەیان دەبات.
توێژەرەکان: مەهێڵن ئەو جۆرە دەرزییانە هاوردە بکرێن
بە سەرنجدان لەو ئاڵۆزکارییانەی بەهۆی ئەو جۆرە دەرزییانە تووشی خانمانی باڵاپۆش دەبن، سێ توێژەرەکە داوایان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە چیدی ئەو دەرزییانە نەهێننە کوردستان. هەروەک داوایان لە خێزان و کۆمەڵگە کردووە خانمە گەنجە باڵاپۆشەکان هۆشیار بکەنەوە لەبارەی ئەم جۆرە لە ئاڵۆزکارییەکانی لەچکبەستن و ڕێنماییان بکەن بەشێوەیەکی دروست لەچک بپۆشن.
ساڵانە چەندین توێژینەوەی لەمجۆرە لە کوردستان دەکرێن کە هەموویان ڕێنماییان بۆ بڕیاربەدەستان هەیە، بەڵام هیچیان بە کردەیی ناکرێن و وەکوو مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە، پسپۆڕێکیش ئەمە بۆ نائەکادێمیبوونی بەرپرسانی کوردستان دەگێڕێتەوە.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، بەرپرسی بەشی توێژینەوە زانستییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت کاری دروست لە بڕیاری دروستەوە دێ، بڕیاری دروستیش لە زانیارییەوە، زانیارییش دەبێ لەسەر بنەمای داتای دەستکەوتوو بێ کە توێژینەوەکان چنگی دەخەن گەشەکردنی وڵات بەبێ توێژینەوە مەحاڵە، بڕیاری دروست هەرگیز بە بنەمایەکی هەڕەمەکییەوە لەدایک نابێ، بڕیاربەدەستانی ئێمە چونکە کەسانی تەواو ئەکادیمی نین، ئەوەی لایان گرنگ نەبێ ڕێنماییەکانی توێژەران و توێژینەوە زانستییەکانە.
هەورامی کە دکتۆرای هەیە لە پزیشکیی کۆمەڵ و مامۆستای زانکۆی سلێمانییە، دەڵێ بەرپرسان یان بڕوایان بە توێژینەوە نییە و کەمترین نێوەندی توێژینەوە بۆ دامودەزگاکانیان دادەنێن، یان پێیان ناگات لە هەموو بارێکدا ئەوان خەتاباری سەرەکین، چونکە دەتوانن و لە دەسەڵاتیاندایە هەر بوارێک کە بیانەوێ چاکی بکەن، داوا لە زانکۆکان بکەن توێژینەوەی زانستییان بۆ بکەن، یان لە هەموو دەزگایەکدا نێوەندێکی توێژینەوە دابمەزرێنن و کار بە داتاکانیان بکەن.
09-08-2017