بەرپرسانی پارێزگاکانی #سنە#، #کرماشان# و #لۆڕستان# لەبارەی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەیی لەو پارێزگایانە بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە باشووری کوردستانەوە بۆ باشووری ئێران، هۆشداری دەدەن.
رۆژانە لە دەروازە سنوورییەکانی #باشماخ# و #پەروێزخان#ەوە لەنێوان 800 بۆ 1200 تانکەر سووتەمەنی دەگوازنەوە ئێران، کە زۆرجار بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکان و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکان، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن.
بەرپرسانی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێن، لەکاتی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، سووتەمەنی ئەو تانکەرانە تێکەڵ بە ئاو و سرووشت دەبێت، ئەوەش مەترسییە لەسەر ژینگە.
عەبدولواحد ڕیازی، فەر بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگە لە پارێزگای سنە هاتووچۆی تانکەرەکانی هەرێمی کوردستان بە گەورەترین مەترسی لەسەر ژینگەی ئەو پارێزگایە لەقەڵەمدەدات و دەڵێت، وەرگەڕانی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بووەتە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی ئاوی و خاکی پارێزگای سنە.
کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی پارێزگای سنەش لە ڕاگەیێندراوێکدا هۆشداری دەدات لەبارەی پیسبوونی ئاوی پارێزگاکە بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ئێرانیش دەکات بە زووترین کات چارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە.
بەگوتەی کۆمپانیای ئاوی سنە بە دەیان هەزار لیتر ماددەی سووتەمەنی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕژاونەتە نێو ڕووبارە و بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە.
ساڵی ڕابردووش دانیشتووانی #مەریوان# هاتنە سەر شەقام و داوایان لە بەرپرسان کرد، یان دۆخی جاددەکان باش بکەن یان ڕێگە بە هاتووچۆی تانکەرەکان نەدەن.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 09-08-2017