بەهۆی بەرزبوونەوەی کواڵیتی و گونجاویی نرخەکانیان، خواست لەسەر بەکاربردنی بەرهەمی کارگە خۆماڵییەکانی کوردستان لە نێوخۆ و شارەکانی عێراقیش زیاد بووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت 40%ی کارگاکانی ناوخۆ بەکارخراونەتەوە.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، خواست لەسەر کاڵا و خۆراک بە جۆرێک ڕووی لە کەمی کرد کە زۆربەی خاوەن کارگە خۆماڵییەکانی ناچار کرد دەرگای کارگەکانیان دابخەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، 3899 کارگەی بچووک و مامناوەند و گەورە لە هەرێمی کوردستان هەن کە 2377 کارگەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 1011 یان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و 511 یان لە سنووری دهۆکن.
ئەندازیار مستەفا زوبێر، سەرپەرشتیاری کارگەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: ئێستا نزیکەی 40%ی کارگەکان بەگەڕکەوتوونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ژمارەیان لەزیادبووندایە.
خاوەنی کارگەیەکی خۆماڵی: 15%ی بەرهەمی کارگەکەمان هەناردەی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و سوێد دەکەین
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، ساڵی 2015 زۆربەی کارگە نێوخۆییەکان داخران، بەڵام ساڵی ڕابردوو 30%یان بەگەڕکەوتنەوە، ئەمساڵیش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەکاربردنی بەرهەمی خۆماڵی، 10%ی دیکەی کارگەکان بەکارکەوتوونەتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پێش ساڵی 1992 لە هەرێمی کوردستان تەنیا 424 کارگە هەبوون، بەڵام لە 24 ساڵی ڕابردوودا 3.475 کارگە لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، ئێستا بەشێکی بەرهەمی ئەو کارگانە بۆ شارەکانی عێراق هەناردە دەکرێن.
ئەندازیار مستەفا زوبێر دەڵێت: زۆرترین ئەو کارگانەی بەکارکەوتوونەتەوە بە پلەی یەک کارگەی خۆراکی و پاککەرەوەن، دوای ئەوانیش کارگەکانی بیناسازی و پلاستیکی دێن، زۆربەی بەرهەمەکانیشیان بۆ شارەکانی عێراق هەناردە دەکەن.
تورکیا کە دراوسێی هەرێمی کوردستانە، پاڵپشتییەکی باشی کارگەکانی دەکات، پێشینەی درێژخایەنیان بە سوودی کەم دەداتێ، هەروەها ئەگەر بەرهەمەکەی بنێرێتە دەرەوە، 18%ی تێچووی بەرهەمەکەی دەداتەوە، جگە لەوەش باجێکی زۆر دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردە، بەڵام لە کوردستان نەک ئەو ئیمتیازانە نادرێنە خاوەن کارگە، بەڵکو حکومەت ئەمساڵ پارەی کارەبا و باجی ساڵانەی لەسەریان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد کردووە.
ئەندازیار مستەفا زوبێر دەڵێت: پێشتر حکومەت بە پێدانی پێشینە و کارەبا بە نرخی هەرزان و نەوتی ڕەش هاوکاریی کارگەکانی دەکرد، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەم هاوکاریانە وەستاون، ئێستا بۆ پارێزگاری لە بەرهەمی کارگەکان هەر کاتێک بزانین کاڵای کارگەیەک بەشی ناوەخۆ دەکات، باج و ڕەسمی گومرگی دەخەینە سەر کاڵای هاوردەکراو، بۆ هاوردەکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان باجێکی کەم وەردەگرین، ئەمەش وای لە خاوەن کارگەکان کردووە بۆ کێبڕکێ بیر لە بەرزکردنەوەی کواڵیتی بەرهەم بکەنەوە، بەمەش خواست لەسەر بەکاربردنی بەرهەمی خۆماڵی زیاد بووە.
بە گوتەی مستەفا زوبێر 60%ی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت، ڕێژەیەکی کەمیش هەناردەی ئیمارات و ئوردن و سووریا و ئەڵمانیا دەکرێ. بۆ نموونە ئەمساڵ کارگەی ئالین و فامیلی چەند بارهەڵگرێک بەهاراتیان ناردە ئەڵمانیا. کارگەیەکی دیکە لبادی قیڕی هەناردەی ئیمارات کردووە. هەندێ کارگەش کورسیی پلاستیکی و ڕۆنی دووبارە پاککراوەی ئۆتۆمبیلیان هەناردەی سووریا و وڵاتانی دیکە کردووە.
لە 24 ساڵی ڕابردوودا 3.475 کارگە لە هەرێمی کوردستان دامەزراون
وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی کارگەکانی پۆلێنی سەر 10 بوار کردووە کە بریتین لە بیناسازی، خۆراک، ڕستن و چنین، فلزییەکان، کیمیاوی، پلاستیکی، سلیلۆزی، ئامێرەکان، مۆبیلیات و خزمەتگوزاری. لەنێو کارگەکانیش بواری بیناسازی بە 1.194 کارگە، بواری فلزی بە1.078 کارگە، بواری پلاستیکی بە 543 کارگە لەڕووی ژمارەوە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان وەرگرتووە، بەدوای ئەوانیش خۆراک بە335 کارگە و مۆبیلیات بە 286 کارگە لە پلەی چوارەم و پێنجەم دێن.
کارگەی بەهاراتی ئالین، یەکێکە لە کارگە خۆماڵییەکانی شاری هەولێر، سەرەڕای قەیرانی دارایی توانیویەتی خۆی لەگەڵ بازاڕ بگونجێنێ و بەرهەمەکانی فرۆشی بەردەوامی هەبێت.
نەوشیروان کانەبی، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی بەهاراتی ئالین، دەڵێت بەهۆی بەرزیی کواڵیتی بەرهەمەکانمان، لە ناوخۆ و لە شارەکانی عێراق و ئەوروپاش خواستێکی باشی لەسەرە، ڕۆژانە سێ تۆن بەهارات، 21 تۆن پاککەرەوە، حەوت تۆن ساس و 10 تۆن ئاوی لیمۆ و هەنار بەرهەم دێنین.
کارگەی بەهاراتی ئالین لە ساڵی 2008 دامەزراوە، 64 جۆر بەهارات و 132 جۆر کاڵای وەک کرێم شانتی، جەلی، پاودەر، ڤانێلا، کاستەر، شەربەت، نیسکافە، ساس و پاککەرەوە و چەندین جۆر کاڵای دیکە بەرهەمدێنێ، بۆ کەرەستە خاوەکانیش پشت بە بەرهەمی وڵاتانی وەک ئەمەریکا، هیند، ڤێتنام، بەرازیل و ڕووسیا دەبەستێ.
نەوشیروان کانەبی لەبارەی ساخکردنەوەی بەرهەمی کارگەکەی دەڵێت: 35%ی بەرهەمەکانمان لە ناوخۆ، 50% لە شارەکانی عێراق و 15%ی بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوید هەناردە دەکەین.
گوتیشی 80%ی ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی بەرهەکانمان دەستمان دەکەوێت جارێکی دیکە لە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو دەچێتە دەرەوە. ئەمە لەکاتێکدایە خاکی کوردستان گونجاوە بۆ چاندنی نزیکەی 70%ی ئەم کەرەستە خاوانەی کە ئێمە هاوردەیان دەکەین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، 60%ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێردان، بەڵام بەشی زۆری کارگەکانی هەولێر بەهۆی بێ بازاڕی داخراون.
3899 کارگەی بچووک و مامناوەند و گەورە لە هەرێمی کوردستان هەن
تەیب کەژۆ عەلی، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر، دەڵێت دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و هێرشی داعش، زیاتر لە 90%ی کارگەکانی هەولێر بەتایبەت ئەو کارگانەی لەلایەن وەبەرهێنی بیانی یان بەهاوبەشی دامەزرابوون، بەهۆی بێ بازاڕییەوە داخران، بەڵام ئێستا بەهۆی دوورکەوتنەوەی مەترسیی داعش و بوونی خواست لە ناوخۆ و شارەکانی عێراق لەسەر کاڵای ئەو کارگانە، جوڵەی باش کەوتووەتە نێو کارگەکان و نزیکەی 45%ی کارگەکانی هەولێر بەگەڕخراونەتەوە.
تەیب کەژۆ دەڵێت مۆڵەتی کردنەوەی کارگەی نوێش زیادی کردووە، بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو تەنیا 25 مۆڵەتیان داوە، بەڵام ئەمساڵ لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا 40 مۆڵەتیان داوە.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 09-08-2017