ڕۆژنیوز- محەمەد و تاهیر
بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی #ڕاپەرین# ڕایدەگەینن، هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی زۆر خراپە بۆ ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی ئایینی، هاوکات بوەتە جێگایەکی مەترسیدار و ناوەندی کپکردنی دەنگی ئازاد و ئازادی ڕادەربرین، بە شێوەیەکی کە ڕێکخراوە بیانییەکانیش بە جوگرافیایەکی مەترسیداری دەزانن.
تیرۆرکردن و ڕاوەدونان و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان بوەتە دیاردەیەک و ڕۆژانە پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربرین لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە تۆمار دەکرێت، ئەمەش کاردانەوەی ڕۆژنامەوانانی لێ کەوتوەتەوە.
سەلمان کۆچەری کارگێری دەزگای ستاندەر ڕایدەگەینیت: لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش دوو توێژ لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تیرۆر و تۆقاندن، یەکێکیان توێژی ڕۆژنامەنووس و ئەوەی تریان مامۆستایانی ئایینی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 80 مامۆستای ئاینی زیندانی کراون و 4 ڕۆژنامەنووسیش تیرۆر کراون بە داخەوە تا ئێستا کەیسی ئەو کەسانەی کە تیرۆر کراون یەکلایی نەکراوەتەوە و بکەرانی ئەم دەستە ڕەشە نەدراونەتە دادگا.
کۆچەری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە ئاستی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوی ئەمنێستی ئینترناشنال و هیومان ڕایتس وۆچ، هەرێمی کوردستان خراوەتە ناو لیستی ڕەشەوە، بە داخەوە ئەگەر ئاماژە بە کەیسی ئەم دوایەی شەهیدی قەڵەم وەدات حسێن بکەینن دەبینین کە تا ئێستا بکەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا نەکراون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دەستێکی گەورە لە پشت ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە هەیە، ئەمەش بە کەسانی ئاسایی ناکرێت، دیارە دەستێکی باڵای دەسەڵاتدارن لە پشت ئەو کردەوەیە هەیە.
کۆچەری ڕاشیگەیاند: ئێستا دەسەڵاتی کوردی بە جۆرێکی تر گوشار و ترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان دروست کردووە، ئەویش لە ڕێگەی گوشار لە سەر خێزان و لە ڕێگەی کۆمەڵایەتییەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، من دەمهەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەکەونە سنوری پاراستنی میدیا و هەر وەها نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و کار لە سەر دۆزی نەتەوەیی کورد و ئازادی دەکەن، کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و تیرۆر و لە ئێستاشدا مەترسیان لە سەرە وەک دەبینین تا ئێستا دۆسیەی وەدات حسێن لە لایەن دادگا یەکلایی نەکراوەتەوە، هەموومان دەزانین کە پێش تیرۆرکردنی وەدات چەند جارێک لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی سنوری پارێزگای دەهۆک هەڕەشە لە شەهید وەدات کراو.
ڕۆژنامەوان مەجید بیتوێنی، سەبارەت بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی زۆر خراپە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، ئەگەر سەیر بکەین ساڵانە ڕۆژنامەنووسان تووشی لێدان و کوشتن و ڕفاندن دەبنەوە و دەست بە سەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیان دادەگیرێت و سووکایەتیان پێ دەکرێت، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە کە بە دڕندانەترین شێوە تیرۆر کرا وەدات حسێن بووە.
بیتوێنی ڕاشیگەیاند: سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەک پێویست کارا نییە، پێویست بوو سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان بەرز بکاتەوە بۆ ناوەندە جیهانیەکان بۆ ئەوەی بزانرێت دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان لە چ بارودۆخێکدایە، زۆرجار ڕۆژنامەنووسی بیانی ترسیان لەوە هەیە کە گیایانیان پارێزراو نییە لە باشوری کوردستان، چونکە ئەم نموونە خراپە لەو هەرێمەدا دەبینیت.
11-08-2017