بەرپرسێکی #وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی# لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە، بە ڕێژەی 23% پاشەکشەی کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی دوورکەوتنەوەی داعشەوە، جوڵەی بازرگانی لەگەشەدایە و پێشبینی دەکەن قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە ڕوو لە هەڵکشان بکاتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان بە بەهای زیاتر لە 136 ملیار و 539 ملیۆن و 963 هەزار دۆلار کاڵای جۆراوجۆری لە 15 وڵات هاوردە کردووە.
قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش لە ساڵی 2004 تاوەکوو 2013 بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە، بەجۆرێک لە 4 ملیار و 28 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 17 ملیار و 210 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە، بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە بە ڕێژەی 23.4% پاشەکشەی کرد و ساڵی ڕابردوو بە بەهای 13 ملیار و 192 ملیۆن و 473 هەزار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی دەڵێت بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەوە و داهاتی تاک ڕووی لەکەمی کرد، ئەمەش خواستی بەکاربردنی کاڵای سنووردار کرد، بۆیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی ڕابردوودا بەراورد بە ساڵی 2013 بە ڕێژەی 23.4% دابەزیوە.
وەک ئەو دەڵێت، ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی سەقامگیری، جموجۆڵی بازرگانی زیادی کردووە و ساڵی ڕابردوو بەراورد بە 2015، بە ڕێژەی 2.1% گەشەی کردووە، ئەمساڵیش جوڵەیەکی باش هەیە، بۆیە پێشبینی دەکەن قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە وەکوو ڕابردوو ڕوو لە هەڵکشان بکاتەوە.
ئامارەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هاوردەکردنی کاڵاکانی دابەشی 21 گرووپ کردووە کە بریتین لە بەرهەمە (ئاژەڵی و پەلەوەرییەکان، سەوزە و میوە، ڕۆنی خۆراک، خواردن و خواردنەوە، کانزایی، کیمیاوییەکان، پلاستیک، لاستیک، پێستە، دار، کاغەزییەکان، ڕستن و چنین، پێڵاو، کەلوپەلی بیناسازی، ئاسن و بەرهەمەکانی، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئۆتۆمبێل و ئامێری قورس، کەلوپەلی پزیشکی، جوانکاری، هەندێ کاڵای دیکە).
لەنێو کاڵا هاوردەکراوەکاندا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئۆتۆمبیل، ئامێرە قورسەکان و ئاسن و بەرهەمەکانی پشکی شێریان بەرکەوتووە، دوای ئەوانیش بەرهەمە خۆراکییەکانی وەک خواردن و خواردنەوە، سەوزە و میوە، بەرهەمە ئاژەڵی و کیمیاوییەکان ئینجا ڕستن و چنین دێن.
لەداتاکاندا دەردەکەوێت ڕێژەی پاشەکشەی هاوردەکردنی کاڵا لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە کەرەستەی بیناسازی، ئۆتۆمبیل و ئامێرە قورسەکان، بەرهەمە کانزاییەکان، دار و پێویستییەکانی نێوماڵدا بووە. لەبەرامبەردا خواست لەسەر هاوردەکردنی خۆراک، بەرهەمە کیمیاوییەکان و بەرهەمەکانی پێستە زیاد بووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەکاربەر داهاتەکەی لە کڕینی پێداویستییە خۆراکییەکان خەرج دەکات و دوورکەوتووەتەوە لە بابەتەکانی خۆشگوزەرانی.
نەوزاد ئەدهەم دەڵێت: هەرچەندە لەڕێی ئەم داتایانەوە ناتوانین ڕووی ڕاستەقینەی باری گوزەران و پێویستییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دیاری بکەین، چونکە بۆمان دەرکەوتووە بەگوێرەی خواست 40 تاوەکو 60%ی ئەو کاڵایانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، جارێکی دیکە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆمان دەرکەوتووە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی خواست لەسەر خۆراک زیاد بووە و لەسەر کاڵاکانی بیناسازی و ئۆتۆمبیل وجوانکاریی نیوماڵ کەمی کردووە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، گەشبینە بە بەرەوپێشچوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەڕانەوەی بۆ ئاستی جارانی. ئەو دەڵێت لە شەش مانگی ڕابردوودا جوڵەی بازرگانی گەشەی باشی کردووە، بۆیە پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ گەشەی جوڵەی بازرگانی بە ڕێژەی 20% زیاد بکات بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 15 وڵات چڕبووەتەوە، لەنێو ئەو 15 وڵاتەش بەڕێژەی 72% ئاڵوگۆڕەکە لەگەڵ چوار وڵاتدایە کە بریتین لە تورکیا: بە ڕێژەی 37.280%، چین: بە ڕێژەی 15.372%، ئێران بە ڕێژەی 12.503% و کۆریای باشوور بە ڕێژەی 6.844%.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێ: لەڕێگەی بەشداری لە پێشەنگا و کۆڕ و کۆنفراسە نێودەوڵەتییەکان، بردنی شاندنی بازرگانی بۆ وڵاتان لە هەوڵی بەرفراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیداین لەگەڵ وڵاتان، تاوەکو بازرگانانمان بتوانن لەگەڵ زۆرترین بازرگان و کارگەی وڵاتان پەیوەندییان هەبێت و کاڵای کواڵیتی بەرز و بەنرخی گونجاو هاوردە بکەن.
گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرنجی زۆربەی کۆمپانیاکانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا و زۆر کۆمپانیا ئۆفیسیان لە کوردستان کردەوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، گوتی لە 15 پارێزگای عێراق تەنیا 950 کۆمپانیا ئۆفیسیان کردووەتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 3850 کۆمپانیای بیانی ئۆفیسیان هەیە، دڵنیاشم ئەم ئۆفیسانە لە داهاتوودا ڕۆڵی کاریگەریان دەبێت بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
هەڵە و ناهاوسەنگە
د.لوقمان عوسمان عومەر، پسپۆڕی گەشەپێدانی ئابووری و بانک، لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی زانکۆی سەڵاحەددین، چڕبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ چوار وڵات بە هەڵە و ناهەوسەنگ وەسف کرد و گوتی پەیکەری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پەیکەری بەشداریی کەرتەکان لە داهاتی نەتەوەیی ناهاوسەنگە، بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بەم پەیکەرەدا نەکات، لە داهاتوودا هەر گرفتێک لەنێوان کوردستان و تورکیا یان ئێران ڕووبدات، ئاڵوگۆڕی بازرگانی تووشی گرفت دەبێت و ناهاوسەنگی لە خواست و خستنەڕووی کاڵاکان ڕوودەدات، ئەمەش زیانی زۆر بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێ.
11-08-2017