پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، ئاگری لە ماڵی سەدا بەردا، سەدا لەگەڵ هاوژینەکەی بووە دەمەقاڵەی، دەمەقاڵییەکە سەری کێشا بۆ تووڕەبوونی سەدا و خۆسووتاندنی، ئەو ماڵئاوایی لە ژیان کرد، بەڵام لەسەرەمەرگدا نەیویست مێردەکەی تووشی کێشەی بکات و لەلای پۆلیس گوتی بێزاربووم لە ژیان بۆیە خۆم سووتاند.
(سەدا.ح.ح) کە تەنیا 16 بەهاری لە تەمەنی بەڕێکردبوو، ڕۆژی 22-07-2017 لەنێو ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئازادیی شارۆچکەی #ڕانیە#، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. دوای خۆی منداڵێکی بەجێهێشت کە تەمەنی تەنیا نۆ مانگە. پۆلیس دەڵێت کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر نەکراوە، بەڵام سکاڵا تۆمار کراوە.
(ح.ح) کە باوکی سەدایە، دەڵێت کچەکەی تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بووە کە بە شووی داوە، ئەویش دوای ئەوەی خزمێکیان هاتووەتە خوازبێنی و سەداش حەزی کردووە شووی پێ بکات. باوکی سەدا پێیوانییە کارێکی هەڵەی کردووە کە کچەکەی لەو تەمەنە بچووکە بەشووداوە و دەڵێت ڕاستە کچەکەم بە تەمەن بچووک بوو، بەڵام عاقڵ و ژیر بوو.
باوکی سەدا باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە کچەی خۆی سووتاندووە و دەڵێت من ماڵم لە قەڵادزێیە، تەلەفۆنیان بۆ کردم کە کچەکەم خۆی سووتاندووە، بە پەلە چووم بۆ ڕانیە کە چووم کچەکەم لە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە بەڕێکرابوو بۆ #سلێمانی#، هەشت ڕۆژ لە سلێمانی مایەوە، ویستمان بیبەین بۆ هەولێر، بەڵام گیانی دەرچوو.
سەبارەت بە هۆکاری خۆسووتاندنی کچەکەی، باوکی سەدا دەڵێت زۆر بەدواداچوونی کردووە و بۆی دەرکەوتووە کچەکەی لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، خۆی سووتاندووە.
باوکی سەدا گوتی خزمێکی نزیکمان تەلەفۆنی بۆ سەدا کردووە، هاوژینەکەشی گومانی لە تەلەفۆنەکە هەبووە، لێیان بووە بە شەڕ و دەمەقاڵێ، پاشان کچەکەم لە داخان نەوتی بەخۆیدا کردووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە.
دراوسێیەکی ماڵی سەدا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت کاتی ڕووداوەکە زۆر گەرم بوو کەس لە دەرەوە نەبوو، سەدا نەوتی بەخۆیدا کردبوو، ئاگری لەخۆی بەردابوو، بە ئاگرەوە هاتبووە دەرەوە و هاواری کردبوو فریام بکەون، تەنیا یەکجار لە قیژەی دابوو، لەبەر دەرگا دانیشتبوو، دراوسێکانی بە سەتڵە ئاو کوژاندبوویانەوە، هاوژینەکەشی لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا هاتبووە دەرەوە و بردبووی بۆ نەخۆشخانە.
سەبارەت بە کێشەی نێوان ئەو ژن و مێردە، دراوسێکەی ماڵی سەدا گوتی نەمانزانیوە کێشەی هەبووبێ، سەدا ئافرەتێکی باش بوو، لەبەر ئەوەی منداڵ بوو تەمەنی 16 ساڵ بوو، زۆر حەزی دەکرد خەڵک ئامۆژگاریی بکات.
ئەو باسی وەسیەتێکی سەدا دەکات و دەڵێت کە دراوسێکان ئاگرەکەیان کوژاندەوە و ویستیان بیبەن بۆ نەخۆشخانە، بە دراوسێکانی گوت زۆر ئاگاتان لە کوڕە بچووکەکەم بێ.
هەروەها گوتی: هەرچەندە سەدا جەستەی بە ڕێژەیەکی زۆر سووتابوو بوو، بەڵام زۆر گەشبین بوو دەیگوت چاک دەبمەوە، بەس جوانییەکەی جارانم نامێنێ، ئەوەش کێشە نابێ، دواتر نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەم.
باوکی سەدا دوای پرسەی کچەکەی سکاڵای لەسەر دوو کەس تۆمار کردووە. (ح) گوتی سکاڵام لەسەر زاواکەم و خزمێکمان تۆمار کردووە کە بوونە هۆکاری خۆسووتاندنی کچەکەم. ئەوان ئەگەر کێشەیان هەبوو دەبووایە بە من بڵێن نەک کێشەکە گەورە بکەن و بە مەرگی کچەکەم کۆتایی بێت.
(رووداو) پەیوەندی بە مێردی سەداوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو قسە بکات و ڕەتیشیکردەوە کە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابێ. تەنیا ئەوەندەی گوت سەدام زۆر خۆشدەویست، ئەویش منی زۆر خۆشدەویست.
سەدا لە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا. فەرمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە بە (رووداو)ی گوت ئەو ئافرەتە 50%ی جەستەی سووتابوو، بە نەوت خۆی سووتاندبوو، دوای هەشت ڕۆژ گیانی لەدەستدا.
نینا محەممەد، لێپرسراوی بەشی بەدواداچوون لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە ڕانیە بە (رووداو)ی گوت دۆسیەمان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو ژنە کێشەی خێزانیی هەبووە، بەڵام لەلای پۆلیس سکاڵای تۆمار نەکردووە و تەنیا گوتوویەتی بێزار بووە بۆیە خۆی سووتاندووە.
گوتیشی: باوکی کچەکە سکاڵای لەسەر دوو کەس تۆمار کردووە، بەڵام کەسیان دەستگیر نەکراون.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 11-08-2017