هێزە ئەمنییەکانی شارەدێی #سەعدییە# لە پارێزگای #دیالە# ڕێگەیاندا بە گەڕانەوەی 235 خێزانی ئاوارە، ئەوەش دوای نزیکەی سێ ساڵ دێت لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان لە ژێر دەستی داعش.
ئەو خێزانانە ئەمڕۆ شەممە 5-8 لە ناوەندی شارۆچکەیی #خانەقین#ەوە گەڕێنرانەوە بۆ شارەدێی سەعدییە کە سەر بەهەمان قەزایەو لەلایەن #حەشدی شەعبی#یەوە ئەمنیەتی دەپارێزرێت.
#شێخ ئەحمەد زەرگوشی#، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە بە (کەرکووک ناو)ی وت “پاش ئەوەی وردبینی ئەمنی ئەنجامدرا بۆ لیستی ئەندامانی خێزانە ئاوارەکان، ڕێگەماندا بە گەڕانەوەی کاروانی چواردەیەم کە بریتین بوون لە 235 خێزانی ئاوارە”.
کامەران عەلی (37 ساڵ) کە یەکێک بوون لە ئاوارە گەڕاوەکانی ئەمڕۆ شەممە، بە (کەرکووک ناو)ی وت “ماوەی نزیکەی سێ ساڵە ئاوارەی خانەقین بووین، ئەمڕۆ گەڕامەوە بۆ زێدی خۆمانء شادبوومەوە بە هاوڕێء کەسوکارم”.
سەعدییە سەر بە قەزای خانەقین، دانیشتووانەکەی لە عەرەب، کوردو تورکمان لە مەزهەبی سوننەو شیعە پێکهاتووەو یەکێکە لە “ناوچە جێناکۆک” لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی و خاوەندارێتی بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، داعش دەستی بەسەر ناحییەکەدا گرت و لەمانگی 11ی هەمان ساڵ لەلایەن حەشدی شەعبی، سوپاو پۆلیسەوە کۆنترۆڵکرایەوە.
ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە گرفتی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان هەیەو کار نییە، کامەران عەلی کە لە پێکهاتەی کوردە وتی “دەبێت ڕۆژانە هاتوچۆی شارۆچکەی خانەقین بکەم، چونکە کاروکەسابەتم لەوێیە”.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی شارەدێکە تاکو ئێستا نزیکەی دوو هەزارو 650 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ سەعدییە لە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان.
ماڵپەڕی کەرکووک ناو: 05-08-2017