پشتگوێخستنی گوندەکان ئەگەر لەلایەک ژمارەی دانیشتووانی گوندەکانی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ی لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوو لە سەروو 70%ەوە بۆ کەمتر لە 30% کەمکردووە. لەلایەکی دیکەشەوە بە سەتان گەڕەکی پەراوێزخراو هەن.
ئەو گەڕەکانە لە نەخشەی شارەوانییەکاندا نین و لە خزمەتگوزارییەکان بێبەشن، بە گەڕەکەکانی پەراوێزشار ناسراون. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار هاونیشتمانی لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڕەکە پەراوێزەکاندا دەژین.
دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەڵێن، ئاسایشیان لێهەڵگیراوە و هاوینان خۆڵ و زستانانیش قوڕ تەنگی پێهەڵچنیون، زۆربەی شەقامەکان بەو شێوەیە نە قیرتاوکراون و نە ئاوەڕۆیشیان دەرکراوە.
شارەوانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێچەوانەی کاتی هەڵبژاردن کە دەیان بەڵێنیان بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە داوە، خۆی بەخاوەنی گەڕەکە پەراوێزەکان نازانێت و کەمتر خەم لە خزمەتکردن و خاوێنکردنەوەی گەڕەکەکان دەخوات.
کێشەکە هەر شارەوانی نییە بەڵکو دامەزراوە حکومییەکانی وەک ئاو، کارەبا و تەلەفۆنیش خۆیان دەبوێرن لە پێدانی خزمەتگوزاری و ئەوان ناچارن بە قاچاخ یان بە تێچوویەکی زیاتر خزمەتگوزارییەکان بۆخۆیان دابین بکەن.
منداڵانی ئەو گەڕەکانەش بە قوربانیانی سەرەکی پەراوێزنشینی لە قەڵەمدەدرێن و ئەوان ناچارن بۆ گەیشتن بە قوتابخانە هەموو بەیانیان ڕێگەیەکی دوور ببڕن و شوێنی گونجاویشیان لە گەڕەکەکانی خۆیان بۆ یاریکردن نییە.
هەژاری و کۆچی هاونیشتمانیان لە گوندەکان و سیستەمی بێتوانای شارەوانی بە سێ هۆکاری سەرەکی پەراوێزنشینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. لە پارێزگای سنە لە 51% دانیشتووانی شارەکان لە گەڕەکە پەراوێزەکاندا دەژین و دوای سنەش ورمێ، کرماشان و لۆڕستان زۆرترین ڕێژەی پەراوێزنشینیان هەیە.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 12-08-2017