بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان نیگەرانی شوفێرانی لێکەتووەتەوە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆکیش باسی چەند هۆکارێک دەکات، دڵنیاییش دەدات کە ئەو بڕەی پێویستە ڕۆژانە وەکو خۆی لە سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێت.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە دهۆک ڕایگەیاند: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تێکڕا بڕی 25 دینار چووەتە سەر نرخی هەر لیترێک لەو جۆرە بەنزینانەی لە بازاڕەکانی باشووری کوردستاندا دەفرۆشرێن، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لای شوفێران دروستکردووە، تەنانەت وای لە هەندێک شوفێر کردووە بیر لە خەزنکردنی بکەنەوە.
بەڵام وەک پەیامنێری ڕووداو باسی کرد، هەر زوو بۆ ئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای دهۆک لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای دهۆک کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی چاودێری نرخی بەنزین بکرێت.
موحسین تەها محەممەد، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی گشتی بەنزین لەڕێگەی بازرگانانەوە هاوردە دەکرێت، هاوردەکردنی بەنزینیش لە دەروازە سنوورییەکانەوە وەکو خۆی بەردەوامە و ئەو بڕەی پێویستە بازرگانان دەیهێنن، بەگشتی هیچ بەربەست و ڕێگرییەک لەبەردەم هێنانی سووتەمەنی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت بازاڕەکە ئازادە و حکومەت پەیوەندی بە نرخ و دابەشکردنەوە نییە.
سەبارەت بە هۆکاری گرانبوونەکەش موحسین تەها دڵنیایی دا هیچ گرفتێک لە هاوردەکردنی نییە و گوتی: ڕەنگە پەیوەندی بە خستنەڕوو و داوا هەبێت لە بازاڕەکانی جیهان، یان بەرزبوونەوەی بەهای نەوتی خاو یانیش بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار لە بۆرسەکانی جیهان، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر بەهای سووتەمەنی بە گشتی و بەنزینیش دەبێت.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 13-08-2017