زەوی و خانووی ئەو گوندانەی دەکەونە سنوری ماستەرپلانی #سلێمانی# لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن. بڕیارەکە لە سەرەتای 2017ەوە دەرچووە و 25 گوند دەگرێتەوە، تاوەکو ئێستا کاری 21 گوندیان تەواو کراوە و گوندەکان دەبنە گەڕەکێکی سەر بە شاری سلێمانی.
لە سنووری ماستەر پلانی سلێمانی زیاتر لە 25 گوند دەبنە گەڕەکێک لە شارەکە، تاوەکو ئێستا کاری 21 گوند تەواو کراوە و زیاتر لە 25 هەزار فۆڕم بۆ ئەو زەوییانە دابەشکراوە.
نرخی زەوی و خانووی ئەو گوندانە دوای بڕیارەکەی حکومەت ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بەرپرسانی سلێمانی بڕیارەکە بە هۆکارێکی گرنگ دەزانن بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی سەر موڵکی گشتی.
ماوەی دوو ساڵە زەوی و خانووی ئەو گوندانەی سنووری ماستەرپلانی سلێمانی فۆڕمیان هەیە، ئەوەش وایکردووە نرخی خانووەکان بەرز ببێتەوە، بەڵام ئەو نرخەی کە لەسەر تاپۆکردنیان دانراوە واینەکردووە کە بازاڕی فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە گەرموگوڕ تر بکات.
زۆراب حەمە ئەمین، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە دەڵێت بڕیاری تاپۆکردنەکە هیچ جوڵەیەکی نەخستووەتە نێو بازاڕەکەمان، چونکە ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەر تاپۆکردنی دانراوە بۆ هەر مەترێک 15 هەزاردینارە، ئەوەش بڕێکی زۆرە.
بۆ ئەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاپۆکردنی ئەو زەوی و خانووانە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، شارەوانی سلێمانی چاوەڕوانی ئەو لیژنەیە کە بڕیارە لە ئەمساڵدا بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرێت و دەست بەکارەکانی بکات.
یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت ئێمە چاوەڕوانی ئەو لیژنەیەین کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دروست دەکرێت و ڕێنماییەکان بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەکات، کە ئەوەش ئاسانکارییەکی زۆر دەبێت بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە ئەو تاپۆکردنە دەیانگرێتەوە.[1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 13-08-2017