ماوەی دوو مانگە هەشت ملیۆن دۆلاری ژمارەیەک بازرگانی #باشووری کوردستان# لە تورکیا دزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس لەسەر ئەو ڕووداوە نەگیراوە. یەکێک لەو بازرگانانەش دەڵێت لە تورکیا پارێزەرمان گرتووە، بەڵام هێشتا چارەنووسی پارەکانمان نادیارە.
بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر بازاڕی حەواڵە هەبووە و نرخی حەواڵەکردنی پارەی بەرزکردووەتەوە.
دوو مانگ لەمەوبەر چەند بازرگانێکی هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلار دەگوازنەوە بۆ تورکیا، بەڵام دوای گەیشتنی پارەکە بە #باکووری کوردستان#، چەند کەسێکی نەناسراو لە ڕێگای نێوان #سلۆپی# و دەروازەی #ئیبراهیم خەلیل# دەست بەسەر پارەکەدا دەگرن و دەیبەن. هەرچەندە ئەو بازرگانانە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا کەسی لەسەر ئەوە دەستگیر نەکردووە.
یەکێک لەو بازرگانانە کە سێ ملیۆن دۆلاری لە نێو پارە دزراوەکەدایە، بە (رووداو)ی گوت ئێمە لەگەڵ چەند بازرگانێکی کوردی باکووری کوردستان کاری گواستنەوەی پارە دەکەین بۆ تورکیا، هەندێکجار پارەکە بە بارهەڵگر دەگوازینەوە، ئەو ڕۆژەش هەشت کەس بە دەمانچەوە پاسەوانییان لە پارەکە دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی لە سنووری ئیبراهیم خەلیل تێپەڕین و نزیکەی دوو کیلۆمەترێک دوورکەوتنەوە، نزیکەی کاژێر 11ی شەو پێنج چەکداری نەناسراو ڕێگەیان بە بارهەڵگرەکە گرتووە و پارەکەیان بردووە.
ئەو بازرگانە کە کۆمپانیایەکی گۆڕینەوە و حەواڵەی دراوی هەیە، حەزی نەکرد ناوی بڵاوبکرێتەوە، هەروەها گوتی هەر ئەو ڕۆژە لە ڕێگای شەریکەکانمان لە باکووری کوردستان پەیوەندیمان بە هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە کرد، دواتر پارێزەرمان گرت و سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو ڕوودواوە دەستگیر نەکراوە.
بەپێی قسەی ئەو بازرگانەی دهۆک، ئەو ڕووداوەکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی دراو لە شاری دهۆک هەبووە و دەڵێت متمانە لە بازاڕ زۆر کەم بووە. گوتیشی هەتا ئێستا لە کوردستان سیستمێکی پارێزراو نییە بۆ گواستنەوەی پارە و ناچارین بە بارهەڵگر بیگوازینەوە، ئەوەش بەردەوام مەترسی دزین و ڕفاندنی لەسەرە. لە جیهاندا ئێستا باوی گواستنەوەی پارە بە بارهەڵگر نەماوە، تەنیا لێرە هەیە.
ئاراز جەلال، خاوەنی کۆمپانیا سەیدۆ کە تایبەتە بە گۆڕینەوە و حەواڵەی دراو، دەڵێت ئەو ڕووداوە کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی دراو هەبووە. ئاراز ئاماژە بە کاریگەرییە خراپەکەی دەکات و دەڵێت :گواستنەوەی دراو ئێستا زۆر گران بووە، پێش ئەو ڕووداوە هەر 10 هەزار دۆلارمان بە 25 دۆلار حەواڵە دەکرد، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە ئەو بڕە پارەیە بە 50 هەزار دینار حەواڵە دەکرا، هەرچەندە ئێستا هەرزانترە، بەڵام کاریگەرییەکەی هەر ماوە.
دوای ئەو ڕووداوە، بازرگانان ناچاربوون ڕێگەی گواستنەوەی پارەکانیان دووربخەنەوە، بەڵام بە ڕێگایەکی سەلامەت. ئاراز جەلال دەڵێت لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە، ئێستا بازرگانان بەرێگای دوبەی پارە دەگوازنەوە هەرچەندە گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی دوبەی گران دەکەوێ، بەڵام ڕێگاکە سەلامەتترە.
ئەمە یەکەمجار نییە، بازرگانانی کورد دەکەونە بۆسەی دز و جەردەکانی تورکیاوە. وەک ئاراز باسی کرد دوو ساڵ لەوبەر لە هەمان شوێن حەوت ملیۆن دۆلاری بازرگانانی کورد دزرا، هەتا ئێستاش دزەکان نەدۆزراونەتەوە. [1]
ماڵپەڕی ڕووداو: 13-08-2017