بەشی جیهان- کۆمپانیای گوڵف کیستۆن ڕایدەگەیێنێت: لە کاتی دەستپێکردنی دەرهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا 40 میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم هێنراوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای بەریتانیی گوڵف کیستۆن ئاماژەی بەوە کرد کە تاکوو ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان 40 میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەم هێناوە و وتی: ئەم کۆمپانیایە هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕێژەی ئێستا واتا 38 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا ڕابگرێت.
گوڵف کیستۆن لە بەیاننامەیێکدا ڕایدەگەیێنێت: گەیشتووینەتە ئاستی چاوەڕوانکراوی خۆمان لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژانە نزیک بە 38 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەی شێخان بەرهەم دێت و لە ئەگەری سەرمایەدانەریی زیاتر ڕێژەی دەرهێنانی نەوت دەتوانێت تا 40 لەسەد بەرز ببێتەوە.
ئەم کۆمپانیایە باسی لەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان 15 میلیۆن دۆلاری وەکوو حەقدەستی بەرهەمهێنانی نەوت بەوان داوە.
لە دوو ساڵ پێشەوە گوڵف کیستۆن بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و توانا نەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێدانی حەقدەست، لەگەڵ قەیرانی دارایی بەرەوڕوو بۆتەوە. ژمارەیێک لە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە بۆنەی قەیرانی ئاماژەپێکراو. هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە. هەولێر بەڵێنی داوە لەمەوبەدوا حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە شێوەی ڕێکوپێک بدات.
بە وتەی کۆمپانیای گوڵف کیستۆن، نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەی شێخان کوالێتییێکی زۆر باشی لە چاو نەوتی کێڵگەکانی دیکە هەیە و بەم بۆنەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم کۆمپانیایەی ڕاگەیاندووە نەوتی خاوی دەرهێنراو لە ڕێگای هێڵی بۆریی کەرکووک- جەیحانەوە هەناردەی تورکیای ناکات بەڵکوو لە ڕێگای تەنکەرەوە هەناردەی تورکیای دەکات.
15-08-2017