دەقی داواکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان:
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی مووچە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوویەتی.
دووەم: دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت و گاز و داهاتە ناوخۆییەکانی دیکە لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2015)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سندووقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکانی کوردستان و یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەت و دەستەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی کۆمپانیا و کاسبکاران بدرێتەوە و پارەی پرۆژە پەکخراوەکان خەرج بکرێ و خزمەتگوزاری لە هەموو کەرتەکاندا چاکبکرێت.
سێیەم: ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەموو خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە. ڕیفراندۆم ئامرازێکە پێش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی و هەلومەرجی لەباری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دراوە، بەتایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.
چوارەم: پەرلەمانی کوردستان دوای ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، ئاسایی بکرێتەوە و درێژە بە کاری یاسادانان و چاودێری بکات و بەردەوام بێت لە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی لە کوردستان.
پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجامبدرێن.
وەک ڕووداو زانیویەتی، گۆڕان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتی بۆ دەستکەوتنی وەڵامی داواکارییەکانی تەنیا ئامادەیە دوو کۆبوونەوە ئەنجامبدات. هەرکات داواکارییەکانیشی جێبەجێکران ئامادەیە بچێتەوە پەرلەمان و هەنگاو بۆ کارەکانی دیکە بنێن، بەتایبەت پرسی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
17-08-2017