دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەهۆی بەرزيی نرخی توتن و ئاسانيی بە بازاڕکردن و بوونی خواست لەسەری، لە ئێستادا بەشێکی زۆری جوتیارانی دەڤەری ڕاپەڕین بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویان کردۆتە چاندنی توتن، لە دەڤەرەکەش توتنی جۆری نمرە یەک بەرهەمدەهێنرێت کە نرخەکەی دەگاتە زیاتر لە 100 هەزار دیناری عیراقی.
لە دەڤەری ڕاپەڕین باشترین جۆرەکانی توتن بەرهەمدەهێنرێت و خاکەکەی تەواو گونجاوە بۆ چاندنی.
نەبی مەحمود کە جوتیارێکی بناری قەندیلە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەمێژوویەکی کۆنەوە لە بناری قەندیل توتن چێنراوە، بنارەکە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی توتن و باشترین جۆرەکانی توتن لە بناری قەندیل سەوز دەبێت، لەوانەش توتنی بۆنداری خاڵ خاڵ، هاوکات جۆرەکانی وەک گرژە و قوجەکیش بوونی هەیە لە بنارەکە.
نەبی مەحمود باسی لەوەشکرد، هەرچەندە بەهۆی بۆردومانکردنی بناری قەندیل لەلایەن تورکیاوە ژمارەیەکی زۆڕی جوتیار ئەو بنارەیان جێهێشتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و بەرزيی نرخی توتن، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری جوتیار گەڕاونەتەوە بۆ بناری قەندیل و دەستیان بە چاندنی توتن کردووە.
توتنی جۆری نمرە یەکی بۆندار نرخەکەی زیاتر لە 100 هەزار دیناری عێراقیە.
محەمەد ئەمین ساڵح کە ماوەی زیاتر لە 55 ساڵە کاری فرۆشتن و کڕینی توتن دەکات بۆ دواڕۆژ وتی لە ئێستادا توتن بازاڕی گەرمە و پارەی باش دەکات، بەجۆرێک نرخی کیلۆیەک توتنی جۆری نمرە یەک زیاتر لە 100 هەزار دینار و کیلۆیەک توتنی جۆری نمرە دوو نرخەکەی 75 هەزار دینارە و نمرە سێیەکەشی بة 50 هەزار دینارە.
محەمەد ئەمینی توتن فرۆش باسی لەوەشکرد، لە دەڤەری ڕاپەڕین هەر سێ جۆرەکةی توتن بە بۆندار و بێ بۆنەوە بەرهەمدەهێنرێت و خاکی دەڤەرەکەش تەواو گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی توتن، بۆیە لە ئێستادا جویارێکی زۆری دەڤەری ڕاپەڕین سەرقاڵی چاندنی توتنن.
قەیرانی دارایي هۆکاری ئاشتبوونەوەی جوتیاران بووە لەگەڵ چاندنی توتن.
ساڵح حوسێن بەڕێوبەری کشتوکاڵی #ڕانیە# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ماوەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی باشبوونی باری دارایی، جوتیارێکی زۆر وازیان لە کاری کشتوکاڵ هێنابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی لە ئێستادا جوتیاران دەستیان داوەتەوە کشتوکاڵ کردن و جوتیارێکی زۆر ڕوویان لە چاندنی توتن کردووە.
ساڵح حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، لە دەڤەی ڕاپەڕین باشترین جۆرەکانی توتن بەرهەمدەهێنرێت کە لەناوخۆدا خواستێکی زۆری لەسەرە بۆ بەکارهێنان و هاوکات بازاڕێکی باشی هەیە، بۆ فرۆشتن.
بەڕێوبەری کشتوکاڵی ڕانیە ڕوونیشکردەوە، بە نوسراوي ڕەسمی داوایان لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردووە کە ڕاستەوخۆ بێنە سەرخەت و پشتگیری جوتیاران بکەن لە چاندنی توتن و بە بازاڕ کردنی بۆ ئەوەی بە کەرتی کشتوکاڵ بەرەنگاری ئەو قەیرانە داراییە ببنەوە.[1]
19-08-2017